رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و راپەڕاندنی ئەرکەکانی رێبەری لە قۆناخی راگوزەریدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دەستەیەکی سێ کەسی دەسەڵاتەکان دەگرنە دەست.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، محەممەد موخبر، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، بەپێی مادەی 111ی دەستووری وڵات، دەستەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتووە لە (سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئەندامێکی فەقیهی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور) ئەرکەکانی رێبەر بەڕێوەدەبەن.
موخبر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەستەیە قۆناخی راگوزەر دەگرنە ئەستۆ و رێکارە یاساییەکانی گواستنەوەی دەسەڵات یان تەواو بوون یان بە خێرایی تەواو دەبن.
ئەم هەنگاوەی تاران دوای ئەوە دێت، کە شەوی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان راگەیاند. دواتر و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، حکومەتی ئێران بە فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و 40 رۆژ ماتەمینی و حەوت رۆژ پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند.
بەپێی دەستووری ئێران، رێبەر کەسی یەکەمی سیاسی و ئیداریی وڵاتە. مادەی 107ی دەستوور ئاماژە بەوە دەکات کە رێبەر لەلایەن "ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری"یەوە دەستنیشان دەکرێت و دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبێنێت.
هەروەها مادەی 111ی دەستووری ئێران رێکارەکانی قۆناخی دوای رێبەر دیاری دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی رێبەر، تاوەکو کاتی هەڵبژاردنی رێبەری نوێ، ئەنجوومەنێکی کاتی (سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و یەکێک لە شارەزایانی فیقهیی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور) سەرجەم ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ