خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەترسی روودانی شەڕ روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ترسیان لە هەڵگیرسانی شەڕ لە وڵاتەکەیان هەیە و روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. جگە لە شەڕ، هۆکارێکی دیکەی جێهێشتنی وڵاتەکەیان، ترسیانە لە قەیرانی ئابووری، ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار.
 
سلینا، هاوڵاتیی ئێرانی دەڵێت، "هاتووم بۆ [هەرێمی] کوردستان، چونکە لە وڵاتەکەمان ئاسایش نییە، هاتووم کەمێک لە دۆخەکە دوورکەومەوە و گەشت بکەم، ئیدی لەوێ ئاسایش نەماوە، جگە لەوەش گرانییە، هەڵاوسان زۆر بووە و هیچ ئاسایشێک بۆ ئێمە نەماوە؛ ئێمە ئێواران لە کاژێر 06:00 بەدواوە ناوێرین بێینە دەرەوە، سەربازەکان لە هەموو شوێنێک هەن."
 
دوای ئەوەی ئەمریکا هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکە، ئەگەری روودانی شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر بووه.
 
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانی کردووە، دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هیوادارە رێککەوتنێک بکرێت بۆئەوەی پەنا بۆ هێرشی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی نەبرێت.
 
وریا عومەر، هاونیشتمانی گوتی، "پێشتر گەشتیار زۆر دەهات، بەڵام ئەوەی ئێستا دێت بۆ کار دێت، لەبەر ئەوەی ئێران گەمارۆیەکی زۆری لەسەرە و بەهۆی ئەو گرانی و قەیرانەی رووی لەو وڵاتە کردووە، ئیش و کار لەوێ لاواز بووە و بەو هۆکارەوە خەڵک زۆر رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە وەک پەناگەیەکی ئارام. جەنگ ناخۆشە و شتێک نییە کە خەڵک بە باشە باسی بکات. ترسێکی زۆر هەیە."
 
ئەمریکا چەند مەرجێکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران هەیە، لەوانەش دەستبەرداربوونی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی و دەستبەردابوون لە گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە؛ بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ئاشتیخوازانەیە و بۆ بەرگری لە خۆیان دەستبەرداری مووشەکەکانیشیان نابن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە