ئێران دەڵێت سزاکانی ئەمریکا نابنەهۆی گۆڕانی سیاسەتی وڵاتەکەی

02-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران دەڵێت، ئەمریکا ناتوانێت بە گەمارۆی ئابووری، سیاسەتەکانی پێ بگۆڕێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە هەڕەشەی کرد کە سزای زیاتر بەسەر ئەو کەسایەتی، وڵات و دامەزراوانەدا دەسەپێنێت کە بازرگانی بە نەوتی ئێرانەوە دەکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەردەوامبوونی سزاکانی ئەمریکا لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی، ناتوانێت سیاسەت بە وڵاتەکەی بگۆڕێت.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، "بەردەوامبوونی ئەم مامەڵە نایاساییانە نابنەهۆی گۆڕانی هەڵوێستە رەوا و ژیرمەندەکانی ئێران، کە پشت بە یاسای نێودەوڵەتی دەبەستن."
 
تاران "گوشاری سەر هاوبەشە بازرگانی و ئابوورییەکانی" سەرکۆنە دەکات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامبوونی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و هاوبەشە بازرگانییەکانی "گومان و بێ متمانەیی گەورە دەخەنە سەر رێچکەی دیپلۆماسیی ئەمریکا."
 
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ داوای بایکۆتکردنی نەوتی ئێرانی لە سەرانسەری جیهان کرد و لە پۆستێکی ترووس سۆشیاڵدا گوتی، "پێویستە هەر ئێستا کڕینی نەوت و بەرهەمە پیترۆکیمیاییەکانی ئێران بوەستێت. هەر وڵات یان کەسێک، هەر بڕە نەوت یان بەرهەمێکی پیترۆکیمیایی لە ئێران بکڕێت، یەکسەر دەخرێتە ژێر سزای زیاتر."
 
گوتەکانی ترەمپ دوای ئەوە هاتن کە رۆژی پێنجشەممە تاران رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیاربوو شەممە لە رۆما لەگەڵ ئەمریکییەکان بیکەن، دواخرا. عومانی نێوەندگیر پێشتر گوتبووی لەبەر "هۆکاری لۆجستی" کۆبوونەوەکە دوادەکەوێت.
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاند، واشنتن "هەرگیز" کات و شوێنی ئەو کۆبوونەوەیەی "پشتڕاست نەکردبووەوە،" بەڵام گوتیشی، "چاوەڕێ دەکەین گەڕی داهاتووی گفتوگۆ لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت."
 
ئێران و ئەمریکا هەردووکیان رایانگەیاندبوو، لە سێ گەڕی پێشوودا کە لە 12ی نیسانەوە دەستیان پێکرد، بەرەوپێشچوون هەبووە.
 
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە گوتی، "گەڕی داهاتووی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە دانرابوو شەممە لە رۆما بکرێت، دواخراوە." ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری دواخستنەکە "لەسەر پێشنیازی وەزیری [دەرەوەی] عومان" دراوە.
 
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "لەبەر هۆکاری لۆجستی، کۆبوونەوەی ئەمریکا و ئێران کە پێشتر بڕیار بوو رۆژی شەممە 3ی ئایار بەڕێوەبچێت، دوادەخەین. هەرکە هەردوولا لەسەری رێککەوتن، کاتی نوێ[ی کۆبوونەوەکە] رادەگەیێندرێت."
 
بڕیار بوو دیپلۆماتەکانی ئێران رۆژی هەینی لە رۆما لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆببنەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشایەوە کە بە زەحمەت گفتوگۆی لەسەر کرابوو و بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و رووسیاش واژۆیان لەسەر کردبوو.
 
لەو کاتەوەی لە کانوونی دووەم گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی بەرامبەر تاران دەستپێکردوەتەوە.
 
ترەمپ مانگی ئادار نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران نارد و پێشنیازی گفتوگۆی کرد، بەڵام هۆشداریشیدا کە ئەگەر ئێران بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا هێرشی دەکاتە سەر. 
 
حکومەتەکانی رۆژئاوا ماوەیەکی زۆرە ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات؛ تاران بەردەوام ئەوە رەت دەکاتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەرنامەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەی دروستکردنی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە