لاریجانی: ئامادە نیین توانای مووشەکیمان سنووردار بکەین

02-09-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، رێگەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دانەخراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی وڵاتەکەی ئامادە نییە توانای مووشەکیی سنووردار بکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس رایگەیاند، "ئەمریکییەکان هەر بە قسە باسی دانوستاندن دەکەن و بە کردەوە نایەنە سەر مێزی دانوستاندن."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گوتی، "ئەمریکا بە ناڕاست بانگەشە دەکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دانوستاندن ناکات." گوتیشی، "رێگەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دانەخراوە. ئەوان نایانەوێت دانوستاندن بکەن."
 
لاریجانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێران داوای دانوستاندنێکی ژیرانە دەکات، بەڵام ئەمریکا هەندێک بابەت وەک سنووردارکردنی توانای مووشەکیی ئێران دەخاتەڕوو، کە خۆشیان دەزانن ئەوە نایەتەدی و بە کردار رێگە لە دانوستاندن دەگرن."
 
لاریجانی باسی لەوەش کردووە، "کەس گومانی لەوە نییە کە پاراستنی ئێران و کۆماری ئیسلامی پرەنسیپە، بەڵام دووژمن داوا دەکات توانا مووشەکییەکانمان کەم بکەینەوە. ئێمە ئامادە نیین چەکەکانمان رادەست بکەین و توانای مووشەکیمان سنووردار بکەین."
 
رۆژی 28-08-2025 بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، میکانیزمی ناسراو بە سناپباک (گەڕاندنەوەی سزاکان)ـیان دژی ئێران کارا کرد و رایانگەیاند، هەموو ئامرازێکی دیپلۆماسی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی نەهێڵن ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
 
ئێران 30 رۆژی لەبەردەمدایە کە دەبێ بە مەرجی ئەورووپییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی رازی بێ یانیش دەکەوێتەوە ژێر سزا ئابوورییە سەختە نێودەوڵەتییەکان.
 
ئەوروپییەکان داوا دەکەن ئێران رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات بچنە بنکە ئەتۆمییەکانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە