ئێران: بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان هەندێک پەیاممان پێگەیشتووە

02-11-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا هەندێک پەیامی پێگەیشتووە.
 
فاتمە مهاجرانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، دواتر "لە کاتێکی گونجاودا سەبارەت بە چۆنایەتی و چەندایەتیی پەیامەکان" و بابەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار روونکردنەوە دەدات.
 
لێدوانی گوتەبێژی حکومەتی ئێران و پشتراستکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە کاتێکدایە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە ئەمڕۆ رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمی نییە.
 
پزیشکیان بە ئاماژەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران گوتی، "هەموو ئەو بەرنامانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکە بۆ نەخۆشییەکان و تەندروستی خەڵک."
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لە بەردەوامیی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، "لەناوبردنی باڵەخانە و کارگەکان نابنە گرفت و بنکە ئەتۆمییەکان دووبارە و پتەوتر دروست دەکەینەوە."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژی شەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکرایەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی پرسی ئەتۆمی و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا خستەڕوو و رایگەیاند، ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنن بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکان لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیان.
 
عێراقچی گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی بۆ "دانوستاندنی بنیاتنەرانە" ئامادەیە، بە مەرجێک لایەنەکانی دیکە ئامادەی گفتوگۆی دادپەروەرانە بن لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە.
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ''ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە هەیە، بەڵام مەرجەکانی واشنتن قبووڵنەکراون.''
 
عەباس عێراقچی ئەوەشی خستەڕوو، "حەز بە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن ناکەین، بەڵام دەتوانین لە رێگەی دانوستانی ناڕاستەوخۆوە بگەینە رێککەوتن."
 
بەر لەوەی جەنگی 12 رۆژەی تاران و تەل ئەڤیڤ لە 13ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستپێبکات، پێنج گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەچوون.
 
لە مانگی ئابدا فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا میکانیزمی "سناپباک"یان کارا کرد، کە رێگەی بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 30 رۆژدا دەدا، ئەگەر سەلمێندرابا ئێران رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـی پێشێل کردووەو دوای 30 رۆژەکەش سزاکان گەڕێندرانەوە. 
 
لە 29ـی ئەیلوولدا، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی تاران بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانییەوە، کۆمەڵێک سزای بەرفراوان دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا.
 
لە 18ـی تشرینی یەکەمیشدا ئێران کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند و گوتی، هیچ بڕگە و کۆتوبەندێکی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە کاری پێناکرێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.