عەلی خامنەیی: لەگەڵ خەڵکی ناڕازی قسە دەکرێت، نەوەک ئاژاوەگێڕان

03-01-2026
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک لە خۆپێشاندەرانی ئێران بە ''ئاژاوەگێڕ'' ناودەبات و دەڵێت، ''بەکرێگیراوی دووژمن''ن. ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ خۆپێشاندەران و ناڕازییانی وڵاتەکە قسە دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 03-01-2026 عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ کەسوکاری کوژراوانی جەنگی 12 رۆژەی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ، ئاماژەی بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ''ئێمە بازاڕ باش دەناسین. بەناوی بازاڕ و کاسبکارانەوە ناتوانرێت رووبەڕووی کۆماری ئیسلامی و سیستمی ئیسلامی ببنەوە.''
 
خامنەیی پشتڕاستی کردەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی ئێران هەیە و گوتی، ''بەڵێ؛ ئەو گردبوونەوانە زۆربەیان لەلایەن کاسبکارانەوە بوون؛ قسەکانیان قسەیەکی راست بوو. من دەزانم کە سەرۆککۆماری بەڕێز و بەرپرسانی دیکەی باڵای وڵات، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان.''
 
نزیکەی هەفتەیەکە مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن بەردەوامە. رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ وڵاتێک گوتی، ''هەڵبەت کێشەکە دەستی دووژمنیشی تێدایە. بەرزبوونەوەی بەهای دراوی بیانی و ناجێگیرییەکەی سرووشتی نییە، ئەمە کاری دووژمنە.''
 
عەلی خامنەیی گوتی، پێویستە بە رێکاری جۆراوجۆر رێگری لە ناجێگریی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن بکرێ، ''ناڕەزایی کاسبکاران لەسەر ئەم بابەتە بوو. ئێستا سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتەکانی دیکە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.''
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک لە خۆپێشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ ناوبرد و گوتی، ''کۆمەڵێک کەسی هاندراوی بەکرێگیراوی دووژمن لە پشتی بازاڕییەکانەوە دژی ئیسلام، ئێران و کۆماری ئیسلامی درووشم دەڵێنەوە. ناڕەزایی جیاوازە لە ئاژاوەگێڕی.''
 
عەلی خامنەیی گوتی، قسە لەگەڵ کاسبکارانی ناڕازی دەکرێ و ''دەبێ بەرپرسان لەگەڵ ناڕازییان قسە بکەن، بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئاژاوەگێڕ سوودی نییە. دەبێ بە تووندی رووبەڕووی ئاژاوەگێڕان ببنەوە.''
 
بەگوتەی رێبەری ئێران، کۆمەڵێک خەڵک بە ناونیشانی جیاوازەوە، بە مەبەستی تێکدان و نائارامکردنی وڵاتەکە ''دەکەونە پشت کاسبکاران، بۆ ئەوەی ناڕەزاییەکە بقۆزنەوە و ئاژاوە بنێنەوە. ئەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.''
 
عەلی خامنەیی گوتی، ''دەبێ کاری دووژمن بناسرێتەوە، چونکە بە ئارامی دانانیشێت و هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە. ئێمە لە بەرامبەر دووژمندا پاشەکشە ناکەین و دووژمن دەخەینە سەر ئەژنۆ.''
 
قسەکانی رێبەری ئێران لەکاتێکدان، دوێنێ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا گوتی، "ئەگەر ئێران بە شێوەیەکی تووندوتیژ خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێ، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دەچێ. ئێمە چەکبەدەست و ئامادەین بۆ جووڵە."
 
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە کە لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە