عەباس عێراقچی: پابەندبوونی خۆمان بە پەیماننامەی رێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی دووپات دەکەینەوە

03-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێران پابەندبوونی خۆی بە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دووپات کردەوە، وێڕای ئەوەی لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی وەستاندووە. 
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی، "ئێران پابەندە بە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی."
 
عێراقچی رەخنەی تووند لە ئەڵمانیاش دەگرێ لە بەرامبەر پشتگیریکردنی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە 13 تاوەکو 24 حوزەیران کرانە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و پێگە سەربازییەکانی وڵاتەکە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئەڵمانیا بە ئاشکرا پشتگیری لە هێرشی نایاسایی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد، لە نێویاندا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە پارێزراوەکان. ئەڵمانیا هەروەها بە شێوەیەکی شەرمهێن پشتیوانیی لە هێرشی نایاسایی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد. ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمریکا بەو کارەی هەریەکە لە یاسای نێودەوڵەتی، پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێلکردن."
 
چوارشەممەی ئەم هەفتەیە ئێران بە فەرمی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵپەسارد، ئەوەش لەسەر ئەوەی کە ئاژانسەکە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران سەرکۆنە نەکردووە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا داوای لە ئێران کرد، لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە. 
 
وەزارەتەکە دەڵێ: "ئەمە هەموو بوارێکی چاودێریکردنی نێودەوڵەتی بەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا لەنێودەبات، کە بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسیی گرنگە."
 
17ی حوزەیران، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، ئیسرائیل "بە نوێنەرایەتیی هەموومان، کارە پیسەکە دەکات."
 
لە جەنگە 12 رۆژییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، هێرشی گەورە کرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئێرانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە