ئێران: بۆ دانوستاندن پەلەمان نییە

03-08-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت؛ ئەمریکا پەیامی بۆ ناردوون بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، بەڵام ئەوان پەلە ناکەن لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ی ئابی 2025، سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە لایەن ئەمریکا کۆمەڵێک پەیامیان پێگەشتووە، کە بە گوتەی ئەو دەرخەری ئەوەن ئەمریکا هەوڵی گەڕانەوە بۆ دانوستاندنەکان دەدات."
 
خەتیبزادە گوتی :"کۆماری ئیسلامی هیچ پەلەیەک ناکات بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستاندنە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان یان هەر شێوەیەکی دیالۆگ لەگەڵ ئەمریکا مەگەر دڵنیا بین لەوەی کە گەرەنتی پێویست بۆ دانوستاندنەکان هەن."
 
ئەو بەرپرسەی ئێران، سەرکۆنەی هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکای کرد و گوتی، "ئەمریکا هیچ هێڵێکی سوور دانانێت کاتێک هێرش دەکرێتە سەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئاشتییانەکەی وڵاتان. ئەو دەبێت فێربێت رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان بگرێت و هێرشی بێباکانە رابگرێت."
 
لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەی، خەتیب زادە جەختی لەوە کردەوە، یۆرانیۆم بە رێژەی 60٪ پیتێندراوە، تەواوی پیتاندنەکەش بە چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بووە و بەم نزیکانەش چاودێرانی ئاژانسەکە دەگەڕێنەوە ئێران.
 
پێش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی رابردوو، واشنتن و تاران پێنج جار لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
 
رۆژی دووشەممە 28ی تەممووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا، کە ئەگەر ئێران هەوڵی دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، دووبارە هێرش دەکەنەوە سەر دامەزراوەکانی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە