رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران دەڵێت، توانا مووشەکی و درۆنییەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک خۆیان ماون و بۆ هەر جۆرە جەنگێک ئامادەن.
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی هێزی زەوینیی سوپای وڵاتەکەی ئاماژەی بە جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: "هەرچەند دووژمن هەوڵی دا بە کوشتنی بەرپرسان و فەرماندە باڵا سەربازییەکان و لەنێوبردنی توانا سەربازییەکانی ئێران، ئامانجە نەگریسەکانی بپێکێت، بەڵام رووبەڕووی وەڵامی تووندی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوویەوە و پلانەکانی شکستی هێنا."
بە گوتەی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، هەڕەشەی دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی نەهاتووە و گوتی: "نابێت دووژمن بە کەم سەیر بکەین و پێمان وابێ هەڕەشەکانی کۆتاییان هاتووە. دەبێ تانەنەت ئەگەری هەڕەشەیەکی 1٪یش وەک هەڕەشەیەکی 100٪ بزانین."
ئەمیر حاتەمی ئاماژەی بە توانا مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران کرد و رایگەیاند: "توانا مووشەکی و درۆنییەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک خۆیان ماون و بۆ هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێک ئامادەن، وەک چۆن تاوەکو دوا ساتی سەپاندنی ئاگربەست بەسەر دووژمن بەردەوام بووین لە هێرشەکانمان."
حاتەمی ئەوەشی خستەڕوو، لە پیشەسازی بەرگرییدا، هەروەها لە بوارەکانی پەیوەست بە زانست و تەکنەلۆجیا و بوارەکانی دیکەدا، بە ویستێکی بەهێزتر لە جاران بەردەوام دەبن.
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران جەختی لە گرنگی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکە کردەوە و گوتی، "نابێت رێگە بدرێت ئاسایشی سنوورەکانمان بخرێتە مەترسییەوە."
لە 13ـی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ