دەسەڵاتی دادی ئێران: 15 زیندانیی هەڵاتووی گرتووخانەی ئێڤین تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراونەتەوە

03-09-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گرتووخانەی ئێڤین لە باکووری تاران، لە کۆی 75 هەڵاتووی بەندیخانەکە تاوەکو ئێستا 15یان دیار نین.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، "لە رووداوی هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤین لە تاران، 75 لە گیراوان کە لە کاتی هێرشدا لە حەوشەی گرتووخانەکەدا بوون هەڵاتوون، 58 کەسیان دۆزراونەتەوە."
 
ئەسغەر جەهانگیری گوتی: "لەو 58 کەسەی دۆزراونەتەوە بەشێکیان خۆیان رادەست کردووە، هەندێکیان دەستگیرکراونەتەوە و سێ کەسیشیان لە کاتی هێرشەکاندا کوژراون."
 
سەبارەت بەوانەی چارەنووسیان دیار نییە، ئەسغەر جەهانگیری گوتی: "تاوەکو ئێستا 15 کەس لە گیراوە هەڵاتووەکانی گرتووخانەی ئێڤین نەدۆزراونەتەوە کە 14 کەسیان بە هۆی کێشەی دارایی لە گرتووخانە بوون."
 
کۆتایی مانگی حوزەیران، بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاماری کوژراوانی هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤینیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "لە رووداوی هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤیندا، 80 کەس لە زیندانییەکان و کەسوکاریان، کارمەندانی زیندان و دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک گرتووخانەکە کوژراون و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندار بوون."
 
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە، ئیسرائیل لەو کاتەدا هێرشی کردووەتە سەر گرتووخانەی ئێڤین کە کەسوکاری زیندانییەکان بۆ سەردانیان چووبوونە گرتووخانەکە.
 
هێرشە ئاسمانییەکە رۆژی دووشەممە، 23ی حوزەیران کرایە سەر گرتووخانەکە. بەپێی میدیای ئێران، بەشەکانی پاسەوانی، کارگێڕی و دادوەریی گرتووخانەکە کرانە ئامانج.
 
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی جەنگە 12 رۆژییەکەدا، زیاتر لە 30 فەرماندەی سەربازی و 11 زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون، 8 دامەزراوەی ئەتۆمی و زیاتر لە 720 پێگەی سەربازییش بۆردوومان کراون.
 
ئێران زیاتر لە 550 مووشەکی بالیستیی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەیان بەرپەرچ درانەوە، بەڵام هەندێکیان ئامانجەکانیان پێکا و بوونە هۆی کوژرانی 28 کەس، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل تەنیا یەکێکیان سەرباز بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بۆردوومانەکە

قایمقامی عەسلەویە: پێویست بە چۆڵکردنی شارەکە ناکات

ئەسکەندەر پاسالار، قایمقامی عەسلەویە داوای لە دانیشتووانی ئەم شارەی باشووری ئێران کرد نیگەرانی ئەم چڕە دووکەڵە نەبن، کە ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.