رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی وشکەساڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران دەڵێ، پێشبینی ناکرێ تاوەکو کۆتایی دووەم مانگی پاییزیش بڕێکی زۆری باران لەو وڵاتە ببارێ.
ئەحەد وەزیفە، سەرۆکی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی وشکەساڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، لەرووی بڕی بارینەوە ئەم ساڵ ئێران لە 57 ساڵی رابردوودا خراپترین دۆخی هەیە و پێشبینی ناکرێ تاوەکو کۆتایی دووەم مانگی پاییزیش بارینێکی بەرچاو هەبێ.
ئەحمەد وەزیفە گوتی، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ بۆ شەشەمین ساڵی لەدوای یەک وشکەساڵی بێ.
مانگێک و 12 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی پاییز تێدەپەڕێ، بەڵام هێشتا لەکۆی 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 19 پارێزگا هیچ بڕە بارینێک تۆمارنەکراوە.
پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ و سبەی لە هەندێک ناوچەی ئێران باران ببارێ، بەڵام پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە.
بەپێی پێشبینیی کەشناسیی ئێران، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین باکووری ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و لە پارێزگاکانی گیلان، مازەندەران، گوڵستان، خۆراسانی باکوور و بەشێکی پارێزگای خۆراسانی رەزەوی باران دەبارێ و پلەی گەرما لەو پارێزگایانە دادەبەزێ.
کەشناسی ئێران پێشبینی دەکات لە هەندێک ناوچەی ناوەند و رۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەش بە تایبەت لە پارێزگاکانی خۆراسانی باشوور، سیستان و بەلوچستان، هەندێک ناوچەی کرمان و هورموزگان، لەم دوو رۆژەدا شەپۆلێکی بەهێزی با هەڵبکات و ببێتە هۆی خۆڵبارین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ