رووداو دیجیتاڵ
گردبوونەوە و ناڕەزاییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێی نایە رۆژی هەشتەمەوە. لە تاران و چەند شارێکی دیکە، بەشێک لە کاسبکاران مانیان گرت و بازاڕ داخرا.
کاسبکارێک لە بازاری تاران دەڵێت، "دووکانەکەم دادەخەم. فرۆشتن واتە لەنێوچوون. من ئێستا ئەگەر بارەکەم بفڕۆشم، ناتوانم سبەی بیکڕمەوە. هەموومان واین، هەموو دووکاندارەکان، هەموو کاسبکارەکان، کووتاڵفڕۆشەکان، زێڕنگەرەکان. ئەمە چ دۆخێکە کە دروستتان کردووە؟ ئەگەر ناتوانن نرخی دۆلار کۆنترۆڵ بکەن، نازانم چی بڵێم. ئێمە کە خوێندەواریمان نییە، بەڕێوەبردنی وڵات بدەنە دەستی خۆمان، نرخی دۆلار بۆ 100 هەزار تمەن دادەبەزێنین."
خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان بەرفراوانتر و درووشمەکانیش تووندتر دەبنەوە.
لە چەند شارێک گرژیی تێکەوت کە زیاترین گرژی و تووندوتیژی لە شاری مەلەکشای ئیلام و پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای فارس لە باشووری ئێران بووە.
بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا 19 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، بەڵام میدیای فەرمیی حکومەت باس لە کوژرانی 10 کەس دەکەن.
بەرپرسانی ئێران دان بە ناڕازیبوونی خەڵک لە بەرامبەر دۆخی ئابووری و گرانییەکان دەنێن، بەڵام دەشڵێن، کەسانێک دزەیان کردووەتە ناو خۆپیشاندەران، کە لەدەرەوە هاندەدرێن و هەوڵی بەلارێدابردنی خۆپێشاندانەکان دەدەن.
ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران باس لەوە دەکات، "لە دوو شەو لەمەوبەرەوە دەستبەسەرکردنی ئامانجداری رێبەرەکان دەستیپێکردووە. چ ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی دەکەن کە ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکراون، چ ئەوانەی لە نێو خەڵکدا چالاک بوون و خەڵکیان هاندەدا. ژمارەیەکیان دەستگیر کراون و دانیان بەوەدا ناوە کە دۆلاریان وەرگرتووە."
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران، رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە بازاڕی تارانەوە بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن و گرانییەوە دەستیپێکرد و دواتر شار و پارێزگاکانی دیکەشی گرتەوە. تاوەکو ئێستا لە 25 پارێزگا و 60 شار خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ