رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە 41 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی ئەو وڵاتە کراون.
فروود عەسکەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران، رۆژی دووشەممە، سێی شوباتی 2025، ئامارەکانی تایبەت بە هەناردە و هاوردەی شتومەک لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو وڵاتەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا 41 هەزار و 297 ئۆتۆمبێل هاوردەی ئێران کراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران، بەهای ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە کراون، زیاتر لە 777 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەراورد بە پار 744٪ زیادیکردووە.
عەسکەری گوتی، لەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەکراون، بایی 169 ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێلی کارەبایی بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران راشیگەیاند، لەو ماوەیەدا قەبارەی گشتیی ئاڵوگۆری بازرگانیی ئێران لەگەڵ جیهاندا 158 ملیۆن تۆنی تێپەراند کە بەهاکەی زیاتر لە 103 ملیار دۆلارە. بەراورد بە پار، قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانیی ئێران لەگەڵ جیهان 9٪ زیادیکردووە.
فروود عەسکەری گوتی زیاترین هەناردەی ئێران بۆ چین، عێراق، ئیمارات و تورکیا بووە و زیاترین هاوردەی ئەو وڵاتەش لە ئیمارات، چین و تورکیا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ