رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتید پرێس (AP)ی ئەمریکی دوای ساڵانێک سەردانی تاران دەکاتەوەو دەڵێ، سیمای ئێران گۆڕاوە، بە جۆرێک بەشێکی ژنان سەرپۆشەکانیان لادەبەن و ترس لە پۆلیسی رەوشت نەماوە، بەڵام ترسێکی دیکە باڵی بەسەر خەڵکدا کێشاوە، ئەویش "ترسی جەنگ"ـە.
وەک رۆژنامەڤانەکە دەڵێ، کاتێک دەچیتە نێو تاران، سەرەتا دیمەنەکان ئاسایین، سەرنشینێک لە ئۆتۆمبێلێک دەبینی، یان کەسێک دەبینی بە پیادە هەوڵدەدات بەنێو جەنجاڵیی ئۆتۆمبێلەکاندا لە شەقامەکە بپەڕێتەوە، بەڵام کاتێک دەگەیتە گەڕەکەکانی باکووری شار و شەقامی وەلیعەسر، دیمەنەکە دەگۆڕدرێ؛ ژنان بە قژی قاوەیی، رەش، زەرد و خۆڵەمێشییەوە دەبینرێن و بێ سەرپۆش دەسوڕێنەوە.
"شتێک کە پێشتر ئەستەم بوو"
تاوەکو دێت ژنانی زیاتر لە ئێران بڕیار دەدەن دەستبەرداری سەرپۆشی زۆرەملێ بن. ئەمە شتێک بوو تاوەکو چەند ساڵێک لەمەوبەر لەو وڵاتە بە "ئەستەم" دەزانرا.
هۆڵی داگرێس، توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن دەڵێ: "کاتی خۆی کە لە ساڵی 1999 چوومە ئێران، دەرکەوتنی یەک تاڵە قژ بەس بوو، بۆ ئەوەی پۆلیسی رەوشت دەستگیرت بکات. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران دەیبینین، باوەڕپێنەکراوە."
دەسەڵاتداران سەریان سوڕماوە لە زۆریی ژمارەی ئەو ژنانەی پابەندی باڵاپۆشی نین. لەم کاتە هەستیارەدا، کە وڵات بەدەست پچڕانی کارەبا، کەمئاوی و قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، گوشاری سەر ژنانیش وەستاوە.
گەڕانەوە بۆ تاران
رۆژنامەڤانەکەی AP دەڵێ: "ڤیزەی سێ رۆژەم وەرگرت بۆ رووماڵی کۆبوونەوەیەک، کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەی بوو. ئەوە یەکەم سەردانم بوو لە ساڵانی 2018 و 2019ـەوە."
لە 46 ساڵی رابردوودا، حکومەت هەمیشە بە یاسا باڵاپۆشی سەپاندووە. هەرکاتێک دۆخەکە کەمێک ئارام بببایەوە، ژنان سەرپۆشەکانیان شل دەکرد و پەرچەمیان دەردەخست، بەڵام بە دەگمەن بوێریی ئەوەیان هەبوو بە تەواوی لایببەن.
رۆژنامەڤانەکە دەڵێت، "لە نزیک گۆڕەپانی تەجریش لە دامێنی چیاکانی ئەلبورز، کۆمەڵێک کچ کە لە قوتابخانە ناچارن خۆیان باڵاپۆش بکەن، دوای دەرچوونیان دەستبەجێ سەرپۆشەکانیان لابرد. ژنان لە هەموو تەمەنێک لە بازاڕی تەجریش بێ سەرپۆش دەسوڕێنەوە. دوو پۆلیس قسەیان لەگەڵ یەکدی دەکرد و ژنانی بێ سەرپۆشیش بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕین، بێ ئەوەی پۆلیسەکان هیچ بڵێن."
لە هۆتێلی لووسی ئیسپیناس پاڵاس، چەندین ژن بێ سەرپۆش بەبەردەم ئەو تابلۆیانەدا تێدەپەڕین، کە لەسەری نووسرابوو "تکایە رەچاوی باڵاپۆشیی ئیسلامی بکەن."
تەنانەت لە ناوچە کۆنەپارێزەکانی باشووری تارانیش، هەندێک ژن بێ سەرپۆش لەنێو ژنانی دیکە دەبینرێن.
شوێنەواری جەنگ و قەیرانی ئابووری
جگە لە باڵاپۆشی، سەرنجەکان دەچنەوە سەر شوێنەواری جەنگ.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "مرۆڤەکان مافی هەڵبژاردنیان هەیە."
بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن، کە هەر دۆلارێک یەک ملیۆن ریاڵی تێپەڕاندووە، خەڵک لە دۆخێکی ئابووریی خراپدان. راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە نیگەرانییەکی بەربڵاو لە حکومەت هەیە، تەنانەت بەرپرسانی نزیک لە حکومەتیش دان بەوەدا دەنێن، کە متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان کەمبووەتەوە.
سەرەڕای کەمبوونەوەی باڵاپۆشی، ترسی سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە و گوشاری سزاکان خەڵکیان ماندوو کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ