سوپای پاسداران لە لوڕستان: بە تووندی رووبەڕووی ئاژاوەگێڕان دەبینەوە

05-01-2026
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لقی لوڕستانی سوپای پاسداران هەڕەشە لە خۆپێشاندەران دەکات و دەڵێت، ''قۆناخی نەرمی نواندن بەرامبەر ئاژاوەگێڕان کۆتاییهاتووە و تاوەکو ئەوکاتەی دواکەسیان دەناسرێنەوە و دەستگیردەکرێن، بەردەوام دەبین.''
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 05-01-2026 لقی پارێزگای لوڕستانی سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران بڵاوکردەوە کە لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان گرژیی تێکەوتووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، ''بە لەبەرچاوگرتنی تێکدانی بەرفراوانی سامانی گشتی، ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خەڵک، بەکارهێنانی ئاشکرای چەک و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی کوشتن، قۆناخی نەرمی نواندن بەرامبەر ئاژاوەگێڕان کۆتاییهاتووە.''
 
بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەت، تاوەکو ئێستا لانیکەم چوار کەس لە خۆپێشاندانەکانی لوڕستان کوژراون. سوپای پاسدارانی پارێزگاکە خۆپێشاندەران بە ''بەکرێگیراوانی دووژمن'' ناودەبات و لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، ''بە زووترین کات، بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە و بەپێی یاسا، رووبەڕووی ئاژاوەگێڕان، رێکخەران و سەرکردەکانی دژی ئاسایش دەبینەوە.''
 
لقی لوڕستانی سوپای پاسداران هۆشداری دەدات کە ''هەموو بکەرە سەرەکی و جێبەجێکارەکانی پیلانگێڕییەکانی ئەم دواییە، تاوەکو دواکەسیان دەناسرێنەوە و دەستگیردەکرێن.''
 
هەڕەشە و راگەیێندراوی سوپاکە لەکاتێکدایە، بەپێی یاسا، لەکاتی ئاڵۆزیی نێوخۆیی یان هەر بابەتێکی دیکەدا، تەنیا پۆلیس بە فەرمانی دادگە مافی دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی تۆمەتباری هەیە، نەوەک سوپای پاسداران یان سوپای فەرمیی وڵاتەکە.
 
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران، رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە بازاڕی تارانەوە بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن و گرانییەوە دەستیپێکرد و دواتر شار و پارێزگاکانی دیکەشی گرتەوە. تاوەکو ئێستا لە 26 پارێزگا و 78 شار بەتایبەتی پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچووە.
 
بەرپرسانی ئێران دان بە ناڕازیبوونی خەڵک لە بەرامبەر دۆخی ئابووری و گرانییەکان دەنێن، بەڵام دەشڵێن، کەسانێک دزەیان کردووەتە ناو خۆپیشاندەران کە لەدەرەوە هان دەدرێن و هەوڵی بەلارێدابردنی خۆپێشاندانەکان دەدەن.
 
بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 20 خۆپێشاندەر کوژراون کە لانیکەم 10ـیان خەڵکی پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام و کرماشان بوون، بەڵام میدیای فەرمیی حکومەت و بەرپرسان تاوەکو ئێستا باسی کوژرانی 10 کەسیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە