رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ کاروباری داد رایگەیاند، بەبڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سێ هەزار و 126 زیندانی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە.
ئاژانسی میزان، کە میدیای فەرمیی دەستەڵاتی دادی ئێرانە، چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025 بڵاویکردەوە، پێشتر غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، لە نامەیەکدا داوای لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو، رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوە، گۆڕینی سزا و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی بدات، خامنەییش بە داواکارییەکە رازی بووە.
عەلی مزەفەری، جێگری دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ کاروباری داد ئەمرۆ رایگەیاند، ناوی سێ هەزار و 126 کەس کە لە کۆمیسیۆنی لێبووردن لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان کرابوو، شایەنی لێبووردنی گشتین، بۆیە دوای پشتڕاستکردنەوەی ناوەکان، لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادەوە لیستی ناوەکان بۆ رێبەر نێردران و ئەویش رەزامەندی لەسەر دەربڕی.
عەلی مزەفەری گوتی، بەپێی بریارەکە هەزار و 354 زیندانی ئازاد دەکرێن و سزای هەزار و 772 زیندانیی دیکەش کەمدەکرێتەوە.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی 47ـەمین ساڵەی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو لێبووردنەی دەرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ