رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران دەڵێت، ئاسمانی تەواوی وڵاتەکە بەڕووی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکاندا کراوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، جگە لە فڕۆکەخانەکانی تەورێز و ئیسفەهان، هەموو فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە کراونەتەوە و بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان ئامادەن.
پەیوەندییە گشتییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران بڵاویکردووە، رۆژی هەینی و دوای 20 رۆژ لە داخرانی ئاسمانی ئێران بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان، بە گەشتی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فلای دووبەی لە ئیماراتەوە بۆ تاران، گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەستیانپێکردەوە.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران دەڵێت، "دوابەدوای هاوئاهەنگی نێوان دەزگاکان و چەندین کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی فڕۆکەوانی، بە بڕیاری لیژنەی هاوئاهەنگی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران و لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی وردی دۆخی ئێستای وڵات لە رووی ئەمنییەوە، فڕۆکەخانەکانی مێهرئاباد و ئیمام خومەینی لە تاران لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی باکوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشووری وڵات، خرانەوە خزمەت و ئامادەن بۆ گەشتە ئاسمانییەکان."
لە راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێراندا هاتووە، "بە گوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، گەشتە نێوخۆیی و نێودەڵەتییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەی وڵات لە کاژێر 5ی بەیانییەوە تاوەکو 6ی ئێوارە ئەنجام دەدرێن، جگە لە فڕۆکەخانەی ئیسفەهان و تەورێز."
ئاماژە بەوەش کراوە، "راستەوخۆ دوای ئەوەی ژێرخانی فڕۆکەخانەی ئیسفەهان و تەورێز ئامادە بوون و ئەگەر هیچ بەربەستێکی دیکە نەیەتەپێش، ئەو دوو فڕۆکەخانەیەش دەکرێنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانیان دەستپێدەکەنەوە."
بە پێی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران، ئێستا ئاسمانی ناوەند و نیوەی رۆژئاوای وڵاتەکە بەڕووی تێپەرینی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا کراوەیە و فڕۆکەکان دەتوانن رۆژانە لە کاژێر 5ی بەیانی تاوەکو 6ی ئیوارە بە ئاسمانی ناوەند و نیوەی رۆژئاوای ئێراندا تێپەرن.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئاسمانی رۆژهەڵاتی ئێران بە درێژایی شەو و رۆژ کراوەیە و گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە پێی رێکارەکانی پێشوو بەردەوام دەبن.
هاوکات مەهدی رەمەزانی، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ کرانەوەی ئاسمانی وڵات بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا پێویستە هاووڵاتیان گرنگی بە چۆنیەتی کڕینی تکتی فڕۆکە بدەن و لە نووسینگەی هێڵە ئاسمانییەکان و شوێنە دیار و رێگەپێدراوەکانەوە تکت بکڕن.
رۆژی 13ی حوزەیرانی 2025، بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئاسمانی ئێران بە رووی هاتووچۆی فڕۆکەکاندا داخرا. دوای راگەیاندنی ئەگربەست لە 25ی حوزەیران، ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەشێکی ئاسمانەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ