رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی بەهێز دوو پارێزگای کرمان و سیستان و بەلووچستانی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران هەژاند. تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن رەوانەی ناوچەکە کراون، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە کە گوڕەکەی 5.4 پلە بە پێوەری رێختەر بووە، کاژێر 08:36ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 5ی ئابی 2025، بە کاتی تاران و (08:06 بە کاتی هەولێر) روویداوە.
بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 28 کیلۆمەتر تۆمارکراوە و چەقەکەی لە ناوچەی زێهکلوت سەر بە قەزای جازمووریان لە پارێزگای کرمان بووە، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان پارێزگاکانی کرمان و سیستان و بەلووچستان.
بوومەلەرزەکە جگە لەوەی لە شارەکانی دیکەی پارێزگای کرمان، لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش هەستی پێکراوە.
محەممەدعەلی عەرەبنەژاد، جێگری بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرمان رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سوور لە پارێزگاکە خڕاونەتەوە دۆخی ئامادەییەوە.
بە گوتەی عەرەبنەژاد، چوار تیمیان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەی لێکۆلێنەوە و بەدواداچوون بۆ زیانەکانی بوومەلەرزەکە بکەن.
مەجید موحبی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی سیستان و بەلووچستانیش رایگەیاند، بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ لە شارەکانی فنوج، قەسرقەند و دڵگان هەستی پێکراوە.
موحبی گوتیشی، تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە دۆخی ئامادەییدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تائێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لە هەردوو پارێزگاکە تۆمار نەکراوە.
مانگی سووری ئێرانی لەبارەی بوومەلەرزەکەوە رایگەیاند، تیمی لێکۆڵینەوە و فریاکەوتن رەوانەی ناوچەکان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ