رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا پشتڕاستی کردەوە کە دوو هاووڵاتیی فەرەنسیی دەستبەسەرکراو لە ئێران ئازاد کراون.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دوای سێ ساڵ دەستبەسەرکردن لە تاران، دوو هاووڵاتیی فەرەنسی ئازاد کران."
ماکرۆن گوتی، "گفتوگۆکان بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ فەرەنسا بەردەوامن."
هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیایی وڵاتەکەی راگەیاند، "دوو هاووڵاتی فەرەنسی بە ناوەکانی سیسیل کوهلەر و ژاک پاریس کە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ لایەنێکی بیانی و هەوڵدان بۆ ئاژاوەگێڕی لە نێوخۆی ئێران دەستبەسەرکرابوون، بە کەفالەت ئازاد کران و تاوەکو دانیشتنی داهاتووی دادگا لە ژێر چاودێری دەبن."
ئەوەش لە کاتێکدایە، 07-10-2025 سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای هورمزگان رایگەیاند، لونارت مونترلوس، هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسا و ئەڵمانیا کە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیلی درابووە پاڵ، بێتاوان دەرچوو.
لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندی نێوان تاران و پاریس بەهۆی چەندین بابەتی جۆراوجۆر، لەوانەش دەستبەسەرکردنی چەند هاووڵاتییەکی فەرەنسی لەلایەن ئێرانەوە ئاڵۆز بووە.
بەرپرسانی فەرەنسا دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکانیان بە هۆکاری سیاسی و بەشێک لە سیاسەتی حکومەتی ئێران بۆ "دیپلۆماسیی بارمتە" ناوبردووە؛ تۆمەتێک کە تاران رەتیدەکاتەوە.
رۆژی 24-09-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوە.
دوابەدوای ئەو کۆبوونەوەیە، پزیشکیان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پاریس و تاران رێککەوتن لەسەر "چارەسەری پرسی زیندانییەکان لەنێوان هەردوولا."
سیسیل کوهلەر و ژاک پاریس لە 7-5-2022 لە کاتێکدا بە مەبەستی گەشتیاری چووبوونە ئێران دەستبەسەرکران.
14-10-2025 لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە تاران بە تۆمەتی سیخۆڕی بۆ فەرەنسا و ئیسرائیل و تێکدانی ئسایشی ناوخۆی ئێران سیسیل کوهلەر بە 31 ساڵ و ژاک پاریس 32 ساڵ بەند کردن سزا دران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ