رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران رایگەیاند، دوو وێستگەی نوێی بۆشایی ئاسمان لەو وڵاتە دروست دەکرێن و یەکێکیان لە شاری سەڵماسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.
حەسەن سالاریە، سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە سەردانێکدا بۆ شاری ورمێ رایگەیاند، دەستیان بە دروستکردنی دوو وێستگەی بۆشایی ئاسمان لە نزیک شارەکانی چناران لە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی و هەروەها سەڵماس لە پارێزگای ورمێ کردووە و بەشێکی کارەکانیان کراوە و هەوڵدەدەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵی هەتاوی بەشێوەی کاتی بەگەڕیان بخەن.
ساڵی 2023 بەردی بناخەی وێستگەی بۆشایی ئاسمان لە نزیک شاری سەڵماس دانراوە و بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران، دوای هاتنەسەرکاری کابینەی مەسعود پزیشکیان، کاروباری دروستکردنی وێستگەکە خێراتر بووە و 50٪ـی کارەکانی تەواو کراون.
سالاریە دەڵێت، وێستگەکانی بۆشایی ئاسمانی ئەو وڵاتە زیاتر لە ناوەند و باشووری ئێرانن و یەکێکیشیان لە نزیک ماییدەشتی کرماشانە، بۆیە لە بەدواداچوونی کاروباری سەتەلایتەکان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتەکە کێشەیان هەبووە و بڕیاری دروستکردنی ئەو دوو وێستگەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دراوە.
لەبارەی پێویستی بوونی ئەو وێستگانە، سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران دەڵێت، ناوەندەکانی بۆشایی ئاسمانی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری وەکو سەریەکخستنی پارچەکانی سەتەلایت، هەڵدانی سەتەلایت، کۆنترۆڵکردنی سەتەلایتەکان لە بۆشایی ئاسمان و کاروباری دیکەی پەیوەندیدار بە بۆشایی ئاسمان بەکاردەهێندرێن و لە ساڵانی رابردوودا توانیویانە ئەو کەرتە گەشە پێبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ