چەندین گەڕەکی تاران بۆردوومان کران

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای ئێران پشتڕاستی دەکەنەوە، هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر تاران زیانیان بە دەرمانخانە، وێستگەی بەنزین و دوو باڵەخانە گەیاندووە، هاوکات باس لە بڕانی ئاو و کارەبای چەندین گەڕەکی ناوەندی پارێزگاکە دەکەن.
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 06-03-2026، میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شەقامی ''جمهووری''ـی ناوەندی تاران، کارەبا و ئاوی چەندین گەڕەک بڕان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکەدا دوو باڵەخانە، وێستگەیەکی بەنزین و دەرمانخانەیەک بە تەواوی زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام دیار نییە هێرشەکە بە وردی بۆ سەر کوێ کراوە.
 
شەقامی جمهووریی تاران یەکێک لە ستراتیژیترین ناوچەکانی شارەکەیە کە سوپای ئەنسارولمەهدی و چەندین بنکەی سەربازی، ئەمنی و ئیداریی دیکەی تێدا هەڵکەوتووە.
 
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆلێژی ئەفسەریی ئیمام عەلیی سوپای پاسداران بۆردوومان کراوەتەوە.
 
 
ناوچەی پیشەسازیی شەریعەتی لە باشووری تاران، هەندێک ناوچە لە ناوەندی شارەکە و دەوروبەری ''بەیتی رێبەری'' یان شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری کوژراوی ئێران، هەندێک لەو ناوچانە بوون کە جارێکی دیکە بۆردوومان کران.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.
 
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامانی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا کوژرانی 1230 کەس پشتڕاست کراوەتەوە وشەش هەزار و 186 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێو هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران. وێنە: ئەرشیڤ

هەڵبژاردنی رێبەر لە ئێران گەیشتووەتە کوێ؟

پرسی هەڵبژاردنی رێبەر بە "زووترین کات و بۆ تێپەڕاندنی دۆخی شەڕ" بە گرنگترین پرسی نێوخۆیی ئێران دادەنرێت.