رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ستایشی کارایی درۆنی خۆکوژیی "لوکاس" دەکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران و رایدەگەیێنێت، ئەو درۆنە کە لەسەر شێوازی "شاهید-136"ی ئێرانی دروستکراوە، رۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی هاوسەنگیی تێچووی جەنگدا دەگێڕێت.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سێنتکۆم لە تامپای ویلایەتی فلۆریدا رایگەیاند: "درۆنی لوکاس ئامرازێکی بێوێنە و پێویستە."
هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی نایە حەوتەمین رۆژییەوە. لەو هێرشانەدا بۆ یەکەمجار درۆنی لۆکاس کە بە "کۆپییە ئەمریکییەکەی شاهیدی ئێرانی" دەناسرێت، دژی ئامانجە ئێرانییەکان بەکارهێندرا.
تێچووی کەم و کارایی زۆر
ئەدمیراڵ کووپەر ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی ئەم درۆنە هەرزانانە یارمەتیدەرێکی گەورە بووە بۆ ئەوەی کۆگاکانی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکا بە خێرایی بەتاڵ نەبن.
لە کاتێکدا تێچووی یەک مووشەکی کروزی "تۆماهۆک" لە نێوان 2 بۆ 2.5 ملیۆن دۆلارە، تێچووی هەر درۆنێکی لوکاس تەنیا نزیکەی 35 هەزار دۆلارە. کاپتن تێم هۆکینز، گوتەبێژی سێنتکۆم دەڵێت: "لوکاس سیستمێکی کەم تێچووە و توانایەکی بێوێنەی هەیە بۆ پێکانی ئامانجە دوورمەوداکان لە دەرەوەی هێڵی بینین."
ئەو درۆنە ئەمریکییەی کە لە شاهید-136ی ئێرانی دەچێت، بە هەندێک تایبەتمەندیی پێشکەوتووی وەک سیستمی "ستارلینک" و توانای "هێرشی بەکۆمەڵ" پەرەی پێدراوە.
ئەدمیراڵ کووپەر بە شێوازێکی تەنزئامێز باسی لە پرۆسەی دروستکردنی درۆنەکە کرد و گوتی: "درۆنە ئێرانییەکەمان گرت، هەموو هەناویمان دەرهێنا و ناردمانەوە بۆ ئەمریکا، نیشانەی 'دروستکراوی ئەمریکا'مان لێدا و هێنامانەوە لێرە دژی ئێرانییەکان بەکارمان هێنایەوە."
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، کە لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا ئامادە بوو، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی ئەمریکای رەتکردەوە و گوتی: "هیچ کورتهێنانێکمان لە تەقەمەنیدا نییە. کۆگاکانی ئێمە لە چەکی بەرگری و هێرشبەری رێگەمان پێدەدەن هەرچەند پێویست بکات بەردەوام بین لەم کەمپەینەدا."
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، وڵاتانی کەنداو کە پێشتر مووشەکی گرانبەهای "پاتریۆت"یان بۆ خستنەخوارەوەی درۆنە هەرزانەکانی ئێران بەکاردەهێنا، ئێستا چاویان لە ئەزموونی ئۆکراینایە بۆ دەستکەوتنی سیستمی بەرگریی هەرزانتر.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو جەنگەکە رەنگە 4 بۆ 5 هەفتە بخایەنێت، بەڵام ئیدارەی ئێستای واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، رەنگە کاتێکی زیاتری پێ بچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، توانای مووشەکی و درۆنیی ئێران بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە رێژەیەکی بەرچاو لاواز بووە، بەڵام تاران هێشتا خاوەنی هەزاران مووشەک و درۆنە، کە مەترسیین بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ