رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، لە 9 رۆژی رابردوودا هەورەبرووسکە، با و باران بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 9 کەس و برینداربوونی 86 کەسی دیکە.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئایاری 2025 بابەک یەکتاپەرەست، گوتەبێژی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، "لە 27ی نیسانەوە تاوەکو 5ی ئایاری 2025، 9 کەس لە ئەنجامی هەورەبرووسکە، با و باران گیانیان لەدەستداوە و 86 کەسی دیکە بریندار بوون."
بابەک یەکتاپەرەست گوتی، "4 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی با و باران و کەوتنەوەخوارەوەی شتی قورس بەسەریاندا بووە؛ 5ەکەی دیکەش بەهۆی هەورەبرووسکەوە بووە."
بە گوتەی گوتەبێژی فریاکەوتنی ئێران، گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەو کەسانە لە پارێزگاکانی تاران، خۆراسانی باشوور، خۆراسانی رەزەوی، مازندەران، مەرکەزی، ئەلبورز،کرماشان، ورمێ و قەزوین و خوزستان بووە.
یەکتاپەرەست رایگەیاند، "زۆرترین بریندار لە تاران بووە و 63 کەس لەوێ بریندار بوون؛ لە خۆراسانی باشوور 7 کەس، لە کرماشان 4 کەس، لەمازندەران 3 کەس، لە مەرکەزی 2 کەس، لە قەزوین 2 کەس، لە ئەلبورز 2 کەس، لە ورمێ کەسێک، لە خوزستان کەسێک و لە خۆراسانی رەزەویش کەسێک بەو رووداوە سرووشتیانەوە بریندار بوون."
کەشناسیی ئێران دەڵێت، لە رۆژانی رابردوودا خێرایی با لە هەندێک شاری ئەو وڵاتە زیاتر لە 120 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بووە و ئەم کەشەش تاوەکو سبەی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ