رووداو دیجیتاڵ
لەبەرامبەر ڤیتۆکردنی بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و گەیاندنی تەواوی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە دەکرد، ئێران "بە توندی" سەرکۆنەی ئەمریکای کرد.
رۆژی پێنجشەممە 05-06-2025 ئیسماعیل باقری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "هەنگاوی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە بڕیارنامەکە، کە لەلایەن 14 ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە کۆی 15 ئەندام پشتیوانی لێکرابوو، "هاوبەشی ئەو وڵاتە لە تاوانەکانی رژێمی زایۆنی [ئیسرائیل] نیشان دەدات و بە تووندی سەرکۆنەی دەکات."
رەشنووسی بڕیارنامەکە داوای "ئاگربەستێکی دەستبەجێ، بێمەرج و هەمیشەیی لە غەززە دەکرد کە هەموو لایەنەکان رێزی لێبگرن" و ئازادکردنی بێمەرجی ئەو بارمتانەی لەلایەن حەماسەوە لە کەرتی غەززەی وێرانکراو بە جەنگ دەستبەسەرکراون.
رەشنووسەکە داوای هەڵگرتنی هەموو رێگرییەکانی دەکرد لەسەر گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکە.
باقری رایگەیاند ڤیتۆکە "نەک تەنیا سووکایەتییەکی ئاشکرای حکومەتی ئەمریکایە بە ئیرادەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵکو نیشانەی داتەپینی ئەخلاقیی بڕیاربەدەستانی ئەمریکییە" و بەڵگەی هاوبەشی واشنتنە لە کوشتنی فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
دۆرۆسی شیا، نێردەی واشنتن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پەسندکردنی بڕیارنامەکە "هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک، رەنگدانەوەی راستییەکان بێت، لاواز دەکات و حەماس بوێرتر دەکات،" کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.
تاران، کە دان بە ئیسرائیلدا نانێت، لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ـەوە دۆزی فەلەستینی وەک بنەمایەکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی خۆی داناوە.
باقری داوایشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "هەموو توانا تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ناچارکردنی رژێمی زایۆنی و پشتیوانەکانی بۆ راگرتنی کوشتار لە غەززە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ