رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران دەڵێ، بەهۆی هێرشەکانیانەوە، زیانی زۆر بە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''جەنگ بەردەوامە.''
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11-03-2026، مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە ئێکس پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە تێیدا هاتووە، ''بەڕێز تڕەمپ، فەرمان بە سەنتکۆم بکە زانیاری و وێنە سەتەلایتییەکانی پێش و دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانمان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانتان لە ناوچەکە بخەنە نێو دۆسیەی کارەکانت، سەرنجڕاکێش دەبن بۆ بینین.''
بەگوتەی مەجید موسەوی، هێرشەکانی ئێران زیانی زۆریان بە بنکەکانی ''ئەلزەفرە، عەلی ئەلسالم، عەریفجان و بنکەی پێنجەم''ـی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیاندووە.
هاوکات لە درێژەی پەیامەکەیدا، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی هەڕەشە ئامێزانەوە نووسیویەتی: ''جەنگ بەردەوامە.''
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ