سوپای پاسدارانی ئێران: تەنیا کاتێک کۆتایی بە جەنگ دەهێنین دووژمن خۆبەدەستەوە بدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانیاندا لەژێر ناوی "بەڵێنی راست 4"، چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە کوێت و بەحرێن کردووەتە ئامانج و دەڵێت: "تەنیا بە تەسلیمبوونی تەواوەتی دوژمن کۆتایی بە جەنگ دەهێنین."
 
رۆژی چوارشەممە، 11ی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە راگەیێندراوی ژمارە 31ی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست-4)دا بڵاویکردەوە، لە شەوی 21ی مانگی ڕەمەزاندا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە شەپۆلی 38ی ئۆپەراسیۆنەکەدا و بە درووشمی "یا حەیدەر کەڕار"، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بنکەی سەربازیی "ئەلعودەیری" لە کوێت بۆ نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر بە دوو مووشەک "بە سەختی" پێکراوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکی کوژراو و بریندار بوون و زیاتر لە 100 برینداریش رەوانەی نەخۆشخانەکانی "ئەلجابیر" و "ئەلموبارەک" لە کوێت کراون.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرش کراوەتە سەر بەندەری "مینا سەلمان" لە بەحرێن، کە ناوەندی هێزی دەریایی پێنجەمی ئەمریکای لێیە. سوپای پاسداران دەڵێت، سیستەمی ستراتیژیی "لیدز" و ژێرخانە سەرەکییەکانی ئەو بنکەیەیان پێکاوە.
 
هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە "کەمپی پاتریۆت" و کۆگەکانی ئامێر و شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازانی ئەمریکی لە هەردوو بنکەی دەریایی "محەممەد ئەلئەحمەد" و "عەلی ئەلسالم" بە قرسی کراونەتە ئامانج.
 
سوپای پاسداران جەخت لە بەردەوامیی هێرشەکانی دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "جەنگ دژی ئەمریکییەکان و ئیسرائیل بەردەوامە، تەنیا کاتێک کۆتایی بە جەنگ دەهێنین سێبەری جەنگ لەسەر وڵاتەکەمان لابچێت و دوژمن بە تەواوەتی خۆبەدەستەوە بدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە