رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانکردنی بانکێکی ئێرانی، دەست دەکەن بە لێدانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. سەرچاوە میدیاییەکانی تاران ناوی چەندین کۆمپانیای جیهانیی تەکنەلۆژیایان وەک ئامانجی داهاتووی هێرشەکان بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران (خاتەمولئەنبیا) کە لە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەوە بڵاوکرایەوە، هاتووە: "دووژمن دەستی ئێمەی واڵا کرد بۆ بە ئامانجگرتنی ناوەندە ئابوورییەکان و بانکەکانی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لقێکی کۆنترین بانکی وڵاتەکەمان لە کاتێکدا بۆردوومان کرا کە پڕ بوو لە فەرمانبەر." عێراقچی بەڵێنی دا، هێزە چەکدارەکانیان "تۆڵەی ئەم تاوانە" بکەنەوە.
کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە لیستی ئامانجەکاندا
ئاژانسی (تەسنیم)ـی ئێرانی لیستێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا نووسینگە و بارەگاکانی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیای جیهانی وەک (Amazon, Google, Microsoft و Nvidia) لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل وەک ئامانجی نوێی هێرشەکانی ئێران دیاریکراون.
تەسنیم ئاماژەی بەوە کردووە، "لەگەڵ فراوانبوونی جەنگ بۆ ناو جەنگی ژێرخان، بازنەی ئامانجەکانی ئێران وردە وردە فراوانتر دەبن."
ژووری ئۆپەراسیۆنی سوپای ئێران داوای لە هەموو خەڵکی ناوچەکە کردووە، بۆ پاراستنی گیانیان، لانیکەم 1 کیلۆمەتر لە هەموو بانک و ناوەندە ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دوور بکەونەوە.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو کۆمپانیای (ئەمازۆن) پشتڕاستی کردەوە، دوو ناوەندی گەورەی داتاکانی لە وڵاتی ئیمارات "بە شێوەیەکی راستەوخۆ" بە درۆن پێکراون، کە بووە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانی (کڵاود) لە چەندین شوێنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
ئێستا جەنگی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل رەهەندێکی نوێی ئابووری و تەکنەلۆژیی گرتووەتە بەر، کە مەترسیی گەورە بۆ سەر بازاڕە جیهانییەکان و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان دروست دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ