سویسرا باڵیۆزخانەکەی لە تاران کردەوە

06-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سویسرا رایگەیاند، باڵیۆزخانەکەی لە تاران دەکاتەوە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل داخرابوو.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی تەمموزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، باڵیۆزخانەکەیان کە لە 20ـی حوزەیرانەوە بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئێران بەشێوەیەکی کاتی داخرابوو، جارێکی دیکە کرایەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا دەڵێت: "بڕیاری کردنەوەی باڵیۆزخانەکە دوای تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی گشتگیری مەترسییەکان و بە راوێژ لەگەڵ ئێران و ئەمریکا دراوە."
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، باڵیۆز نادین ئۆلیڤێری لۆزانۆ و تیمێکی بچووک رۆژی شەممە لە رێگەی وشکانییەوە لە ئازەربایجانەوە گەڕاونەتەوە تاران و باڵیۆزخانەکەش بە قۆناخ دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.
 
هەروەها دەڵێت: "ئێستا کە ستافی باڵیۆزخانەکەیان گەڕاوەتەوە تاران، سویسرا جارێکی دیکە لە پێگەیەکدایە کە بتوانێت رۆڵی خۆی وەک دەسەڵاتی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران بگێڕێت."
 
بەهۆی نەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، سویسرا لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە تاران، لە ساڵی 1980ـەوە بە فەرمی نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە ئێران دەکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا دەشڵێت، هەرچەندە باڵیۆزخانەکەیان لە تاران کراوەتەوە، بەڵام لەم کاتەدا ناتوانرێت خزمەتگوزاری کونسوڵی، لەوانەش پێدانی ڤیزە پێشکەش بکرێت.
 
جەخت لەوەش دەکاتەوە، "سویسرا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات و لەگەڵ هاوبەشەکانیدا لە پەیوەندییەکی نزیکدایە. زۆر گرنگە هەموو لایەنەکان بەبێ دواکەوتن بگەڕێنەوە بۆ دیپلۆماسی." 
 
دوای ئەوەی لە 13ی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئێران، باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران بە شێوەیەکی کاتی داخرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە