رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دوای سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان، رێککەوتنی هاوئاهەنگیی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سوودی نەماوە و هەڵوەشاوەتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "بێگومان سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رۆڵی خۆیان کەمکردووەتەوە و نزیکەی هیچ هۆکارێکیان بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندنەکانی داهاتوودا نەهێشتووە. لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتوودا، رۆڵی ئەوان زۆر بچووکتر دەبێت لە رابردوو."
رێککەوتنەکە مانگی رابردوو لە قاهیرە لەگەڵ ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا، بۆ ئەوەی پشکنەرەکانی بتوانن بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بپشکنن و چاودێرییان بکەن.
بەڵام ئێستا عێراقچی دەڵێت، دۆخەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە دوای ئەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا میکانیزمی سناپباکیان کاراکرد، کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سەر ئێران گەڕاندەوە.
عەباس عێراقچی ئاماژە بەوە دەدات، "بێگومان رێککەوتنی قاهیرە چیتر ناتوانێت وەک بنەمایەک بۆ پێکەوەکارکردنمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی خزمەت بکات. میکانیزمی سناپباک دۆخەکەی بە تەواوی گۆڕیوە، هەروەک چۆن هێرشە سەربازییەکە کردی. بۆیە، دەبێت بڕیاری نوێ بدرێت."
ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا تاران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگای دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە، بەڵام هۆشداریی دا کە هاوئاهەنگیی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پشت بەو بڕیارانە دەبەستێت کە هێشتا رانەگەیێندراون.
سەرۆکی ئەمریکاش هۆشداری بە ئێران دەدات هەوڵی بننیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەوە دەڵێت، "ئەوان خەریک بوو لە ماوەی مانگێکدا ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێستاش دەتوانن هەموو پرۆسەکە سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە، بەڵام هیوادارم ئەوە نەکەن، چونکە ئەگەر بیکەن، ئێمە ئەو کاتەش چارەسەری دەکەین."
ناکۆکییەکە قووڵەکان وایان کردووە بەرهەمی دیپلۆماسی، نامسۆگەربێت و ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نزیکتر بێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ