ئێران کەسێکی بە "تاوان"ی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدا

07-01-2026
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، کەسێکیان بە "تاوان"ی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارەداوە.
 
رۆژی چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026 دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێکیان بەناوی عەلی ئەردستانی لەسێدارەداوە، کە بە تۆمەتی "سیخوڕی و پێدانی زانیاریی هەستیاری ئێران بە دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل" دەستگیر کرابوو.
 
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، "سزاکە ئەم بەیانییە جێبەجێ کراوە"، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی نەکردووە.
 
ئاژانسی هەواڵیی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێرانە، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "عەلی ئەردستانی یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانی دووژمن بووە و زانیاریی هەستیاری ئێرانی داوەتە دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی دەسەڵاتی دادی ئێران، عەلی ئەردستانی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل کردووە و لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی دیاریکراو و هەندێک بەڵێن، کاری بۆ مۆساد کردووە.
 
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، "ئەو کەسە بە فەرمانی ئەفسەرانی مۆساد وێنە و دیمەنی هەندێک شوێنی تایبەتی لەنێو ئێران گرتووە و زانیاری لەسەر ئەو شوێنانە کۆ کردووە و داوەتە مۆساد و لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی دیاریکراو بە شێوەی دراوی دیجیتاڵی وەرگرتووە."
 
دەشڵێت، عەلی ئەردستانی لە کاتی دادگەییکردنیدا دانی بە تۆمەتەکانیدا ناوە و دادگە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە، دواتر بڕیارەکە بۆ دادگەی باڵای ئێران نێردراوە و دوای پشتراستکردنی بڕیارەکە، سزاکەی ئەمڕۆ چوارشەممە جێبەجێ کراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی دادی ئێراندا ئاماژە بە کات و شوێنی دەستگیرکردنی عەلی ئەردستانی نەکراوە.
 
لە دوای جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، 10 کەس لە ئێران بە "تاوان" سیخوڕی لەسێدارەدراون کە "تاوان"ی حەوت کەسیان "سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل" بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.