رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ هاوکار نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "پرسە نێوخۆییەکانی ئێران، جگە لە گەلەکەمان، پەیوەندییان بە هیچ لایەنێکەوە نییە و حکومەت و خەڵک پێکەوە لە گفتوگۆدان."
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، عێراقچی گوتی: "بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە هەلومەرج بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەو وڵاتە گونجاو نییە. ئێران هەرگیز مێزی دانوستاندنی جێنەهێشتووە. ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ دانوستاندن لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش، بەڵام حکومەتی ئەمریکا روانگەیەکی لەو شێوەیەی نییە."
ئەوە لە کاتێکدایە درەنگانی شەوی یەکشەممە 05-01-2026، دوناڵد ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی لەبارەی دۆخی ئێران قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی: "بەوردیی چاودێریی دۆخەکە دەکەین. ئەگەر وەک رابردوو دەست بە کوشتنی خەڵک بکەنەوە، پێموایە لەلایەن ئەمریکاوە زۆر بە تووندی لێیان دەدرێ."
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران لە ئێوارەی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و قەیرانی ئابوورییەوە دەستیپێکرد.
ئەمریکا و ئێران پێش دەستپێکردنی جەنگی تاران و تەلئەڤیڤ لە حوزەیرانی 2025دا 5 گەڕی دانوستاندنیان ئەنجام دا، بەڵام لە بارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی نەگەیشتنە رێککەوتن و جەنگەکەش هەموو دانوستاندنێکی وەستاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ