بەهۆی تەقینەوەی گازی ماڵان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس گیانیان لەدەستدا

07-05-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تەقینەوەی گازی ماڵانەوە، لە پارێزگای سنە کەسێک و لە پاریزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێران دوو کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، ئەمیر عەباس نەجەفی، جێگری بەڕێوەبەری مانگی سووری خوزستان رایگەیاند، "کاژێر 10ـی شەی رابردوو، بەهۆی لێچوونی گازەوە ماڵێک لە گوندی سوبحانییەی سەر بە پارێزگای خوزستان تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا کە ژنێک و منداڵێک بوون."
 
ئەمیر عەباس نەجەفی گوتی: "لەو رووداوەدا، سێ کەسی دیکە بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە".
 
هەر دوێنێ جەمیل زاهێری، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی قوروە رایگەیاند، "بەهۆی تەقینەوەی گازی ماڵانەوە لە شاری قوروە، پیاوێکی تەمەن 65 ساڵ گیانی لەدەستدا و گەنجێکی تەمەن 36 ساڵ بە سەختی بریندار بوو".
 
جەمیل زاهێری رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی لێچوون و تەقینەوەی گازی ماڵان روویداوە. دەشڵێت، ئەو کەسەی بریندارە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.
 
جەمیل زاهێری ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی ئەو کەسەی گیانی لە دەستداوە کەوتبووە ژێر داروپەردووی خانووکە و بە هەوڵی تیمەکانی فریاگوزاری توانرا تەرمەکەی دەربهێنرێت.
 
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی فریاکەوتنی تەندروستیی ئێران، پار 199 کەس بەهۆی ژەهراویبوون و تەقینەوەی گاز گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 695 کەسیش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە