رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج 13 هاووڵاتییان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی شەممە 07-06-2025، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری بەشی تەندروستی و ئۆپەراسیۆنەکانی مانگی سووری ئێرانی رایگەیاند: "تاوەکو رۆژی هەینی 6ـی حوزەیران، کۆی گشتی ئەو حاجییە ئێرانییانەی لە فەریزەی حەجی 2025ـدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 13 کەس."
میدیای ئێران رایگەیاند: "لەم چەند رۆژەی رابردوو، پلەی گەرمیی دوو شارە پیرۆزەکەی سعودیە گەیشتە 47 پلەی سیلیزی، کە دەکرێت ببێتە هۆی بوورانەوە بەهۆی گەرماوە."
بەگوێرەی داتای بڵاوکراوەی ئەو میدیایە، ئەم ساڵ 86 هەزار و 700 هاووڵاتی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونەتە حەج.
پار زیاتر لە هەزار و 300 حاجی کە 22ـیان ئێرانی بوون لە رێوڕەسمی حەجدا گیانیان لەدەستدا و پلەی گەرمیی ئەو کات گەیشتە 51.8ـی سیلیزی.
پلەی گەرمیی بەرز، دەبێتە هۆی گوشاری گەرما، کە بریتییە لە تێکچوونی سیستمی ساردکەرەوەی جەستە، سەرسوڕان، سەرئێشە، لەکار کەوتنی ئەندامەکانی ناوەوەی لەش و مردن.
حەجی ئەم ساڵ لە 4ـی حوزەیران دەستیپێکرد و 9ـی حوزەیران دوایین رۆژ دەبێت. بەگوێرەی دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە، ژمارەی حاجییانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 637 هەزار و 230 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ