رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیاتر لە هەزار کەس کوژراون.
دووشەممە، 7ی تەمموزی 2025، سەعید ئوحەدی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند،تاوەکو ئەمشەو لە سەرتاسەری ئێران هەزار و 60 کەس، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون، بەخاکسپێردراون.
سەعید ئوحەدی گوتی: "بەشێکی بریندارەکان، لە نەخۆشخانە و له بەشی چاودێریی چڕ چارەسەر وەردەگرن و ژمارەیەک لە تەرمەکانیش تاوەکو ئێستا نەناسراونەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کۆی کوژراوانی ئەم جەنگە بگاتە زیاتر لە هەزار و 100 کەس."
سەعید ئوحەدی ئاشکرای کرد لە ناو کوژراوەکاندا 126 ژن و 41 منداڵ هەن.
بە گوتەی سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران، خانەوادەی سەرجەم قوربانییەکان لە لایەن دامەزراوەی شەهیدان تۆمار کراون و هاوکاریی دەکرێن.
لە 13ی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ