خامنەیی: دووژمن دەیەوێت دۆخی نە جەنگ نە ئاشتی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت

08-09-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "دووژمن دەیەوێت دۆخی نە جەنگ، نە ئاشتی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، بەڵام پێویستە ئەم دۆخە تێپەڕێنین."
 
رۆژی یەکشەممە، 7ی ئەیلوولی 2025، عەلی خامنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و ئەندامانی کابینەکەی کۆبووەوە و لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسە ناوخۆییەکانی ئێران وەکو باسی دۆخی ئابووری، کورتهێنانی کارەبا و گاز و نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە و چەندین پرسی دیکە قسەی کرد.
 
خامنەیی بە ئاماژەدان بە دۆخی ئابووریی ئێران رایگەیاند، لە بواری ئابووری و باشترکردنی بژێوی خەڵکدا پێویستە حکومەت هەنگاوی زیاتر و جیدیتر بنێت. خامنەیی گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نابێ چاوەڕیی پێشهاتە دەرەکییەکان بن. بێ گومان هەموو کەسێک ئەرکێکی لەسەر شانە و جێبەجێی دەکات، بەڵام پێویستە بە پاڵنەری ویست، هیوا و هەوڵدانی زیاتر بەسەر دۆخی نە شەر، نە ئاشتی کە دوژمن دەیەوێت بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، سەرکەوین، چونکە ئەم دۆخە بۆ وڵات زیانی هەیە و مەترسیدارە."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سوپای مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران کرد، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوام بەدواداچوون دەکەن و سەردانی پارێزگاکان، وەزارەتەکان، دامەزراوە و فەرمانگەکان دەکەن و داوای کرد، هەموو ئەندامانی کابینەکە و بەرپرسانی دیکەی حکومەت هەمان رێگە بگرنەبەر.
 
عەلی خامنەیی رایگەیاند، کلیلی پێشکەوتنی ئابووریی ئیران، زیادکردنی بەرهەمهێنانە و داوای لە حکومەتی پزیشکیان کرد، گرنگی زیاتر بەو بوارە بدات و هەموو ئەو کارگەیانە بخرێنە کار، کە بە هۆکاری جۆراوجۆر بەرهەمهێنان تێیاندا وەستاوە و داخراون.
 
خامنەیی جەختی لە دابینکردنی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک کردەوە و لەوبارەوە رایگەیاند: "پێویستە یەدەگی کاڵا سەرەکییەکان بە تەواوی متمانەپێکراو بن؛ ئەمەش لە رێگەی نەهێشتنی گرانییەکان دێت کە بەهۆی کۆمەڵێک بەرژەوەندخوازەوە دروست دەبێت. ئەم کارە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر خوانی خەڵک و مەترسیی خۆراکیش لەنێو دەبات."
 
سەبارەت بە بژێوی و گوزەرانی خەڵک، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: "سەبارەت بە گوزەرانی خەڵک، بەشێوەیەک مامەڵە بکەن کە خەڵک بتوانن نزیکەی 10 کاڵای سەرەکی بکڕن بەبێ ئەوەی خەمی بەرزبوونەوەی نرخیان هەبێت؛ نەک ئەوەی ئەمڕۆ و سبەی نرخەکان دوو هێندە بێت."
 
عەلی خامنەیی جەختی لە چاودێریکردنی بازار لە لایەن حکومەتەوە کرد و گوتی: "بە شێوەیەک کۆنترۆڵی بازار بکەن کە خەڵک هەست نەکەن بازار جێهێلراوە و نرخەکان "ئەمڕۆ و سبەی" و "لێرە و لەوێ"، جیاوازە، چونکە ئەم هەستە زیان بە مۆراڵی خەڵک دەگەیەنێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژە بە کورتهێنانی کارەبا کرد و جەختی لە هەوڵدانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کرد و رایگەیاند، "نابێ کارەبای کارگەکان ببڕدرێت، تەنیا لە کاتی ناچاریدا نەبێت."
 
سەبارەت بە کورتهێنانی گازیش، خامنەیی دەڵێت، "دەبێ گرنگی بە یەدەگی گازی پێویست بۆ وەرزی زستان بدرێت و پلان بۆ دابینکردنی گازی پێویست لە رێگەی هاوردەکردنەوە دابنرێت."
 
عەلی خامنەیی هەروەها نیگەرانیی خۆی لەبارەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، "شێوازی کۆن و ئامێرە بەسەرچووەکان بەرهەمهێنانی نەوتیان لە وڵاتدا کەمکردووەتەوە". داواشی لە حکومەتی پزیشکیان کرد، "سوود لە زانیاریی گەنجانی خوێندەوار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنەرەتی لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت وەربگرن."
 
خامنەیی هەروەها جەختی لەوە کردەوە، "پێویستە حکومەت لە بواری هەناردەی نەوتدا چاڵاکتر بێت و پێویستە کڕیارانی نەوتی ئێران زیاتر و هەمەچەشن بکرێن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی دۆخی غەززە کرد و رایگەیاند، ئێسرائیل تاوانەکانی لە غەززە بە پشتگیری ئەمریکا ئەنجام دەدات، بەڵام وڵاتانی ناڕازی بە تایبەت وڵاتانی ئیسلامی دەتوانن بە پچراندنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانیان، رێگری لە بەردەوامیی تاوانەکانی بکەن.
 
عەلی خامنەیی گوتی، "دەبێ یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی دیپلۆماسیەتی ئێمە هاندانی حکومەتەکان بێت بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکان لەگەڵ ئەم رژێمە تاوانکارییە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە