رووداو دیجیتاڵ
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق رایگەیاند، یاریکردن بە دەستەواژەکان بۆ باسکردنی ئەوەی ئێستا روودەدات، سوودى نەماوە و ئەوەی هەیە "جەنگی بوونی شیعەیە".
ئەو هەڵوێستەی ئەبوئالا وەلائی لە راگەیێندراوێکدا بوو کە یەکشەممە 8ی ئاداری 2026 بڵاویکردەوە و باسی لە جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، دووژمنانیان جەنگیان دژی شیعەیان راگەیاندووە بێ هەڵاوێرد و جیاوازیکردن لەنێوان شیعەی میانڕۆ یان شیعەی بەرگریکار و سیاسی، یان شیعەیەک کە بۆینباخ ببەستێت یان جلوبەرگی ئایینی یان سەربازیی لەبەردابێت و دەڵێت: "هەموویان بۆ ئەوان (ئیسرائیل و ئەمریکا) دووژمنن".
ئەبو ئالا وەلائی دەڵێت: "یاریکردن بە دەستەواژەکان بۆ باسکردنی ئەوەی ئێستا روودەدات سوودی نەماوە، ئەمە جەنگی بوونی شیعەیە" و پەیامێک ئاراستەی هاووڵاتیانی شیعە دەکات و دەڵێ: "بۆیە لە ئاستی ئاڵنگارییەکە و بەرپرسیارێتیدا بن."
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا یەکێکە لە پێکهێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی و نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
لە رۆژانی 6 و 7ی ئاداری 2026، سێجار بارەگاکانی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە نەینەوا بۆردوومان کرا و ئەو گرووپەش ئەمریکای بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ