رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، لە 9 رۆژی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"دا توانای هەڵدانی مووشەکیی ئێران بە رێژەی 90% دابەزیوە و هێزی دەریایی ئەو وڵاتەش بەتەواوی تێکشکێندراوە.
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026 بە "فۆکس نیوز"ی راگەیاند: "ئێرانییەکان بە قسەکانیان هەڕەشە دەکەن، بەڵام لە کرداردا، ئەوان وەک 9 رۆژ لەمەوبەر بەهێز نین؛ ئەوە شتێکی مسۆگەرە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "واشنتن بەردەوام دەبێت لە لەنێوبردنی تواناکانی تاران تاوەکو دڵنیا دەبنەوە لەوەی نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکەکانی چی دیکە مەترسی نابن."
سەبارەت بە بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخ، گوتەبێژەکە گوتی، دۆناڵد ترەمپ و تیمی وزەی ئەمریکا بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەمریکا رووی لە بازاڕی نەوتی ڤەنزوێلا کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی دابینکردن لە بازاڕەکاندا.
گوتەبێژی کۆشکی سپی روونیکردەوە ئەم ئاڵۆزییانە کورتخایەن دەبن و دواجار لەنێوبردنی دەسەڵاتی ئێران بۆ پیشەسازیی نەوت باش دەبێت؛ گوتیشی: "نرخ دووبارە دادەبەزێتەوە، وەک چۆن لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەجێندای ترەمپ بۆ سەروەریی وزەی ئەمریکا دابەزی."
لەبارەی هۆکاری دەستپێکردنی ئەم جەنگە گشتگیرە، واشنتن جەخت دەکاتەوە ئێران هەزاران سەربازی ئەمریکی کوشتووە. گوتەبێژەکە گوتی: "سەرۆک ترەمپ رێگەی نەدەدا ئێران یەکەمجار هێرشبکاتە سەر بنکەکانمان و هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ هەربۆیە ئەم هەنگاوە مێژووییەی نا بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ