سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ئەمریکا بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانی نەداوە

08-06-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "لە پێشنیازەکەی ئەمریکادا باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران نەکراوە و ئەوەش ناپاکی ئەوان نیشان دەدات."

رۆژی یەکشەممە، 8ی حوزەیرانی 2025، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا رایگەیاند: "ئەمەریکا باس لە کرانەوەی ئابووری بۆ ئێران دەکات، بەڵام نەوەک دەیەوێ مافی پیتاندنی یۆرانیۆممان لێ زەوت بکات، بەڵکو بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانیش لەسەر ئێران نادات و ئەوەش ناپاکی ئەو وڵاتە نیشان دەدات. هیچ لۆژیکێک رێککەوتنی تاکلایەنە و سەپێنراو قبووڵ ناکات."
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "پێویستە سەرۆکی ئەمریکا بزانێت ئەگەر بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێت، دەبێت شێوازی خۆی بگۆڕێت و واز لە هاوکاریی ئیسرائیل و بیرۆکەکانی نەتەنیاهوو بهێنێت."
 
قالیباف گوتی: "رێگە چارە رێککەوتنێکی راستەقینەیە کە تێیدا هەمووان براوە بن."
 
قالیباف ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان و قازانجی ئابووری و لە هەمان کاتدا پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکی خۆی ئامادەیە رێوشوێنی پێویست بۆ دروستکردنی متمانە بگرێتە بەر."
 
23ی ئایار، ئێران و ئەمریکا پێنجەم گەڕی دانوستاندنیان لە رۆما تەواو کرد و رایانگەیاند، "لە داهاتوویەکی نزیکدا" دەست بە گەڕی شەشەم دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنەکەیان دیاری نەکردووە.
 
2ی حوزەیرانی 2025 دیپلۆماتێکی باڵای ئێرانی کە نزیکە لە تیمی دانوستاندنەکانی ئەو وڵاتە، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "ئێران خەریکی ئامادەکردنی وەڵامێکی نەرێنییە بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا کە دەکرێت وەک رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئەمریکا لێکبدرێتەوە."
 
پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، رۆژی 31-5-2025 لەلایەن بەدر حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانەوە پێشکێشی ئێران کرا، کە لە سەردانێکی کورتدا لە تاران بوو و نێوەندگیریی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن دەکات.
 
دوای 5 گەڕی گفتوگۆ لەنێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێشتا چەندین ئاستەنگ ماون.
 
یەکێک لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە واشنتن داوا لە تاران دەکات پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، پێشنیاز دەکات کە ناوەندێکی هەرێمی لە دەرەوەی ئێران یۆرانیۆم بۆ تاران بپیتێنێت، ئێرانیش ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
دیپلۆماتە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵوێستی ئەمریکا لە پێشنیازەکەیدا وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ روونکردنەوەیەکیشی لەسەر هەڵگرتنی سزاکان نەداوە.
 
تاران داوای لابردنی دەستبەجێی هەموو ئەو سزایانەی ئەمریکا دەکات کە زیانیان بە ئابوورییەکەی گەیاندووە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، سزاکان دەبێت بە قۆناخبەندی هەڵبگیرێن.
 
دەیان دامەزراوەی گرنگی ئابووریی ئێران، لەنێویاندا بانکی ناوەندی و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت لە ساڵی 2018ـەوە خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا، هۆکارەکەیشی بەگوتەی واشنتن، "پشتگیریکردنی تیرۆر و بڵاوکردنەوەی چەکە."
 
لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی کردەی سەربازیش دەکات، ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی بەدەست نەهێندرێ.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بۆردوومانەکە

قایمقامی عەسلەویە: پێویست بە چۆڵکردنی شارەکە ناکات

ئەسکەندەر پاسالار، قایمقامی عەسلەویە داوای لە دانیشتووانی ئەم شارەی باشووری ئێران کرد نیگەرانی ئەم چڕە دووکەڵە نەبن، کە ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.