داواکاری گشتیی شاری ئەسفەرایەنی ئێران کوژرا

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای خۆراسانی باکوور رایگەیاند، لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردوودا لە شاری ئەسفەرایەن، داواکاری گشتیی شارەکە و چەند ئەندامێکی هێزی ئەمنیی ئێران کوژراون.
 
ئەمڕۆ هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2026، رەزا بەراتیزادە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای خۆراسانی باکوور بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، شەوی پێنجشەممە لە شاری ئەسفەرایەن کە دەکەوێتە باشووری پارێزگاکە، خۆپێشاندان بەڕێوەچووە و لە ئەنجامی دروستبوونی گرژی و تووندوتیژی لە خۆپێشاندانەکاندا، عەلی ئەکبەر حوسێنزادە، داواکاری گشتیی شارەکە کوژراوە، کە بۆ بەدواداچوونی مەیدانی لە نێو شار بووە.
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی خۆراسانی باکوور دەڵێت: "کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ کە زۆربەیان خەڵکی دەرەوەی شاری ئەسفەرایەن و پارێزگای خۆراسانی باکوور بوون، ئاگریان لەو خانووە پلاستیکییە بەرداوە کە داواکاری گشتی و هێزەکانی پۆلیس تێیدا بوون و رێگەشیان نەداوە تیمەکانی فریاکەوتن یارمەتییان بدەن."
 
بە گوتەی رەزا بەراتیزادە، لە رووداوەکەدا ژمارەیەک پۆلیسیش کوژراون، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەو بارەوە بدات.
 
ناڕەزاییەکان رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2025 لە بازاڕی گەورەی تارانەوە بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە دەستیان پێکرد، بەڵام بە خێرایی بۆ زیاتر لە 100 شار لە سەرجەم 31 پارێزگاکەی ئێران تەشەنەی سەند.
 
درووشمەکان لە داواکاریی ئابوورییەوە گۆڕاون بۆ درووشمی سیاسی و تەنانەت لە هەندێک ناوچە بۆ داواکاریی ئاشکرای رووخانی حکومەت.
 
لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی نێتبڵۆکس کە چاودێریی ئینتەرنێت دەکات دەڵێت، لە شەوی پێنجشەممەوە ئینتەرنێت لە تەواوی ئێران پچڕاوە.
 
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 45 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەس دەستگیرکراون. میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش دان بە کوژرانی 21 کەسدا دەنێن.
 
هەرچەندە حکومەت هەندێک چاکسازیی ئابووریی وەک زیادکردنی مووچە، پێدانی هاوکاریی دارایی وەکو کۆبۆنی خۆراکی راگەیاندووە، بەڵام نەیتوانیوە ناڕەزایەتییەکان دابمرکێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی سووتانی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە شارێکی ئێران لەکاتی خۆپێشانداندا

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ هێزە ئەمنییەکان: هیچ نەرمییەک بەرامبەر خۆپێشاندەران مەنوێنن

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکەی بە "پلانی ئیسرائیل و ئەمریکا" ناودەبات، داوا لە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی داد دەکات، "هیچ نەرمییەک" بەرامبەر خۆپێشاندەران نەنوێنن