رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایدەگەیێنێت، "سەردەستەی ئاژاوەگێڕەکان"ـیان دەستنیشان کردووە و بەشێکیان دەستبەسەر کراون، ئەوانەشی ماون دەستگیر دەکرێن.
ئەمڕۆ هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، عەلی لاریجانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئێران گوتی: "کۆمەڵێک لە ناڕازییان فریودراون، بەڵام زۆرن ئەوانەی کە بە توانای تەواوەوە هاتوونەتە گۆڕەپانەکە."
لاریجانی باسی لەوە کرد، بەڵگەیان لەبەردەستە چەکی جۆری 'ژێ3 و کۆڵت' بە مەبەستی تێکدانی دۆخی ئەمنی هێنراونەتە نێو ئێران و گوتی: "ئەمانە رێکخراو و فێرکراون، لێیان خۆش نابین."
بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەو گرووپانە لەلایەن دژبەرانەوە فێرکراون و "ئەوەی زوو پەلاماری بنکەکانی پۆلیس دەدەن، دەردەکەوێت کە پلانیان هەیە و دەیانەوێت شەڕی نێوخۆیی هەڵگیرسێنن تاوەکو رێگە خۆش بکەن بۆ دەستوەردانی دەرەکی."
لاریجانی هۆشداری دەدات کە بەم کارانە دۆخی ئابووری و بژێویی خەڵک خراپتر دەبێت و ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون ئاگایان لە دۆخەکە بێت تاوەکو خەڵک تووشی زیان نەبن.
سەبارەت بە چارەنووسی دەستگیرکراوان، لاریجانی گوتی: "بێگومان هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە تووندترین شێوە رووبەڕوویان دەبنەوە."
لەلایەکی دیکەوە، مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهیدان لە گوتاری ئەمڕۆی مزگەوتی "مەکی"دا رووی دەمی کردە دەسەڵاتدارانی ئێران و گوتی: "ئەوەی هەیە راپەڕینە و خواستی خەڵک رەوایە." مەولەوی عەبدولحەمید داوای کرد خەڵک سەرکوت نەکرێن و گوتیشی: "خەڵک کۆڵ نادەن، ملکەچیان بن."
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2025 بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 27 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە. هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 8ی کانوونی دووەم، مانگرتنی گشتی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و دووکان و بازاڕەکان داخران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ