وەزیری نەوتی ئێران: هەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبێت

09-02-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت: "کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سفر خەونێکە کە هەرگیز بەدی نایەت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی شوباتی، 2025 موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند: "سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا لە سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران شکستیهێناوە و هەناردەکردن بەردەوام دەبێت".
 
موحسین پاکنەژاد گوتی: "تاوەکو زیاتر سنوورمان بۆ دابنرێت، رێوشوێنی باشتر دەگرینەبەر. کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سفر خەونێکە کە هەرگیز بەدی نایەت."
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆکرد.
 
ترەمپ، دوای واژۆکردنی فەرمانەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "بەهیوام پێویست نەکات [رێکاری] زۆر بەکاربهێنم. دڵخۆش نیم بەمە، بەڵام راستییەکەی بژاردەی زۆرم نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین."
 
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین، بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا."
 
چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە. ئێران ئێستا رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. 
 
هەرچەندە ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە هیچ ئامارێکی هەناردەکردنی نەوت بڵاوناکاتەوە، بەڵام دامەزراوەکانی وزە دەڵێن، رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێرانەوە هەناردەی چین دەکرێت بە داشکانی 20٪ بۆ 30٪.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە