رووداو دیجیتاڵ
ئێران هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەمڕۆ دووشەممە، هەر بڕیارێک دژی دەربکات، ئەوا تاران هاوئاهەنگیی لەگەڵ کەم دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکە کۆبوونەوەیەک دەکات کە ئێران بە بایەخەوە چاودێریی دەکات.
تاران رۆژی هەینی هۆشداریی بە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دا، "هیچ هەڵەیەکی ستراتیجی" لە کۆبوونەوەکەدا نەکەن، لە کاتێکدا ئەگەر هەیە سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و ئەمریکا پێداگری بکەن لەسەر ئەوەی پڕۆژە بڕیارێک بخەنەڕوو بۆئەوەی تاران سەرکۆنە بکەن.
ئەم بارگرژییە لە کاتێکدایە، تاران و واشنتن لە گفتوگۆدان بۆئەوەی رێککەوتنێکی نوێ تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران واژۆ بکەن.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوێنێ یەکشەممە گوتی، تاوەکو ئێستا واشنتن پێشنیازێکی بە تاران نەداوە کە جێگەی رەزامەندی بێت، چونکە لە پێشنیازەکەیدا باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران ناکات.
بەهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت: "بێگومان نابێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چاوەڕێی ئەوە بێت کۆماری ئیسلامی لە هاوئاهەنگیی گشتگیر و دۆستانە لەگەڵی بەردەوام بێت."
رۆژی پێنجشەممە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لەگەڵ ئەمریکا سوورن لەسەر سەرکۆنەکردنی ئێران و گواستنەوەی دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر تاران ئامادە نەبێت "هاوئاهەنگی تەواو" لەگەڵ ئاژانسەکە بکات کە مەبەست لێی ئاشکراکردنی هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانییەتی.
پێشتر ئاژانسە چاودێرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئێرانی سەرکۆنەکرد لە بەرامبەر ئەوەی کە وەک پێویست هاوئاهەنگی لەگەڵ نەکردووە و لە هەمان کاتدا تۆمەتباری کرد بەوەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی زیادکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ