ئێران: هیچ نیازێکمان بۆ هێرشکردن نییە، بەڵام وەڵامی مووشەک مووشەکە

09-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی زانیاریی حکومەتی ئێران بە ئاماژەدان بە جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند، هیچ نیازێکیان بۆ هێرشکردن نییە، بەڵام ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر، وەڵامیان دەدەنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەممووزی 2025 ئیلیاس حەزرەتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی زانیاریی حکومەتی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگا جێبەجێکارییەکانی وڵاتەکەی، باسی لە جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل کرد، کە لە 13 تاوەکو 25ی حوزەیران بوو، تێیدا هێرش کرایە سەر بنکە ئەتۆمی و پێگە سەربازییەکانی ئێران و، تاران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
ئیلیاس حەزرەتی رایگەیاند، "پلان و نیازی دووژمن ئەوە بوو، کە بە تیرۆرکردنی فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی باڵای ئێران، هاندانی خەڵک بۆ هاتنە سەر شەقامەکان و راپەڕین لە دژی حکومەت، هەروەها شەڕێکی رێکخراوی دەروونی و میدیایی، سیستمی سیاسیی وڵات بڕووخێنن؛ بەڵام بە وریایی و هۆشیاریی خەڵک، کاردانەوەی بە‌هێزی هێزە چەکدارەکانی ئێران و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لەلایەن حکومەتەوە، پلانەکە پووچەڵ کرایەوە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی زانیاریی حکومەتی ئێران گوتی، "لە بواری سیاسەتی دەرەوەشدا، حکومەت دیپلۆماسییەتێکی سەرکەوتووانەی پەیڕەو کرد و عەباس عێراقچی و هاوکارانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە شێوەیەکی ناوازە مامەڵەیان کرد."
 
بە گوتەی حەزرەتی، "ئێستا ئاگربەست راگەیێندراوە و شەڕەکە وەستاوە، بەڵام حکومەت و هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆیەک ئامادەن."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی زانیاریی حکومەتی ئێران باسی لەوەش کردووە، "هیچ نیازێکمان نییە هێرش بکەین، بەڵام وەڵامی مووشەک مووشەکە. ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر، وەڵامیان دەدەینەوە."
 
ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئێران جەختی لەوە کردەوە، تاران دەرگای گفتوگۆ داناخات و دەڵێت، "لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین. پێویستە دەرگای گفتوگۆ هەمیشە کراوە بێت، بەڵام لەبیرمان نەچێت، ئێمە لە ناوەڕاستی دانوستاندندا بووین کە هێرشمان کرایەسەر."
 
لە 13ی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
 
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بە گشتی تاوەکو ئێستا هەزار و 60 کەس کوژراون و ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی کوژراوان بۆ هەزار و 100 کەس بەرزببێتەوە. هەروەها پێنج هەزار و 750 کەسیش لە هێرشەکاندا بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە