رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکن، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرەبوو لە ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی تەمموزی 2025، عەلیڕەزا سەلیمی، ئەندامی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "دەستدرێژی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەمان لە جەنگە 12 رۆژیەکەدا زیانی بە بەشێک لە ژێرخانی وڵاتەکەمان گەیاندووە."
عەلیڕەزا سەلیمی گوتی، "دەستمان کردووە بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرەبووی زیانەکان لە ئیسرائیل و ئەمریکا."
عەلیڕەزا سەلیمی ئاماژەی بەوەدا بەپێی یاسا و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ئەمریکا و ئیسرائیل سزا بدرێن، "بە پێچەوانەوە جیهان دەگۆڕێت بۆ دارستانێک کە هەموو سنوورەکان پێشێل دەکات و ئاژاوەگێڕی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دێنێت."
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا، هەزار و 60 کەس کوژراون و ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی کوژراوان بۆ هەزار و 100 کەس بەرزببێتەوە. هەروەها 5 هەزار و 750 کەسیش لە هێرشەکاندا بریندار بوون.
هەروەها بە پێی وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێران 332 باڵەخانە و 3500 شوقە لە تاران لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ