ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووریی ئێران: دەبێت ترەمپ دەستگیر بکەین

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووریی ئێران، پاڵپشتیی سەرۆکی ئەمریکا لە خۆپێشاندەرانی وڵاتەکەی بە ''پێشێلکاریی نێودەوڵەتی'' دەزانێت و دەشڵێت، ''پێویستە هاوشێوەی سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستگیر بکرێت، بۆئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەین.''
 
شەوی هەینی 09-01-2026 حەسەن رەحیم پوور ئەزغەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووریی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا لە مەشهەد، ئاماژەی بە پاڵپشتییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە خۆپێشاندانە ناڕەزاییەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ''ئەگەر بکرێت، هاوشێوەی ئەو کارەی کە ئەوان لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ کردیان، ئێمەش لەگەڵ ترەمپی بکەین.''
 
نیکۆلاس مادورۆ لەلایەن هێزەکانی دێلتای ئەمریکاوە، لەنێو کۆشکەکەی خۆی لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا دەستگیرکرا. حەسەن رەحیم پوور ئەزغەدی ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەو شێوە دەستگیرکردنە لەڕووی یاسایی و نەریتی نێودەوڵەتییەوە، بۆ ترەمپیش قبووڵکراوە، چونکە کەسێکی دڕندەیە.''
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووریی ئێران ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکان کرد لە وڵاتەکەی، کە دوو هەفتەیە بەردەوامن، خۆپێشاندەرانی بە ''بەکرێگیراوی ئەمریکا'' ناوبرد و گوتی، ''بەکرێگیراو دەنێرن و بە ئاشکراش دەڵێن کە ئێمە ناردوومانن.''
 
حەسەن رەحیم پوور ئەزغەدی هۆشداری لە پاڵپشتییەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆپێشاندەران دەدات و دەڵێت، ''بەو کارەی کە ترەمپ دەیکات، هەر کارێکی تێکدەرانە لەنێو خاکی ئەمریکا هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا دەیکەن، هەر ئۆپەراسیۆنێک دژی بەرپرسان و بەرژەوەندییەکانیان لە سەرانسەری جیهان، بۆ ئێمە رەوا و یاساییە.''
 
قسەکانی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووریی ئێران لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال ڤیدیۆیەکی تایبەت بە خۆپێشاندانەکانی مەشهەدی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو، ''خۆپێشاندانی ملیۆنیی خەڵک لە دووەم گەورەترین شاری ئێران.'' تاوەکو ئێستا چەندین جاریش هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە، ئەگەر تەقە لە خۆپێشاندەران بکرێت، ''ئەوە بە تووندترین شێوە لێیان دەدەین.''
 
ئەم شەپۆلە ناڕەزاییە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە دەستیپێکرد، بەڵام بۆ زیاتر لە 100 شار لە سەرجەم 31 پارێزگاکەی ئێران تەشەنەی سەند.
 
هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 8ی کانوونی دووەم، مانگرتنی گشتی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بازاڕەکان داخران.
 
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ هەینی، لانیکەم کوژرانی 65 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام ئێران بە فەرمی ژمارەی کوژراوانی رانەگەیاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە