زانایان هۆشداری دەدەن؛ 'لێکەوتەی بۆردوومانی کێڵگە نەوتییەکانی ئێران کارەساتی ژینگەیی دروست دەکات'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، کێڵگە نەوتیییەکانی ئێران ئامانجێکی دیاریکراوی ئیسرائیل و ئەمریکا بوون، جەنگی هەردوولا پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە و بۆردوومانی کێڵگە نەوتییەکانیش کاریگەریی دوورمەودای لەسەر ژینگە و ژیانی ئەو ناوچانە دەبێت کە کراونە ئامانج. شارەزایان هۆشداری دەدەن، بەهۆی فراوانبوونی جەنگەکەوە، بە زەحمەت دەتوانن چاودێریی ئەو کارەساتە ژینگەییانە بکەن کە روودەدەن.
 
تەنانەت لە کاتێکدا ئێرانییەکان بۆ دەستنیشانکردنی رێبەری نوێی باڵای وڵاتەکە رژابوونە سەر شەقامەکان، کۆگای نەوتی "شەهران" لە باکووری رۆژهەڵاتی تاران و کۆگای سووتەمەنیی "شەهر" لە باشووری شارەکە، رۆژی سێشەممە و دوای دوو رۆژ لە بۆردوومانکردنیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە، هێشتا ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
دەستبەجێ دوای هێرشەکان، ئاژانسی ژینگەی ئێران و کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی هۆشدارییان دابویە دانیشتووانی تاران لە ماڵەکانیان بمێننەوە؛ هۆشدارییەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە بڵاوبوونەوەی مادە کیمیاییە ژەهراوییەکان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێنج دامەزراوەی سووتەمەنیی بەردین لە دەوروبەری شارەکە، رەنگە ببێتە هۆی ترشەباران و زیانگەیاندن بە پێست و سییەکان.
 
رۆژی دووشەممە 09-03-2026 تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "زیانگەیاندن بە دامەزراوە نەوتییەکان لە ئێران، مەترسیی پیسبوونی خۆراک، ئاو و هەوا دروست دەکات؛ ئەمانەش مەترسین و دەکرێت کاریگەریی تەندروستیی تووندیان هەبێت، بەتایبەتی لەسەر منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی پێشتر نەخۆشیی دیکەیان هەبووە."
 
عەلی جەعفەریان، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، "سەرچاوەکانی ئاو و خاکی دەوروبەری تاران، بەهۆی پاشماوەی تەقینەوەکانی کۆتایی هەفتەوە، خەریکە پیس دەبن."
 
دکتۆر ئەکشای دیۆراس، زانا لە زانکۆی ریدینگ لە بەریتانیا دەڵێت، "ئەو بارانە رەشەی لە چەند کاژێری دوای بۆردوومانەکاندا لە تاران باری، تێکەڵەیەک بووە لە دووکەڵی چڕ و وردە گەردیلەی نێو تەقینەوەکان لەگەڵ بارانی ئەو زریانەی پێشتر ناوچەکەی گرتبووەوە."
 
دیۆراس دەڵێت، "هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کۆگەکانی نەوت بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی دووکەڵ، تەنۆکەی نەوتی، ئاوێتەکانی کبریت و پێدەچێت کانزا قورسەکان و مادە نائۆرگانییەکانی نێو باڵەخانەکانیش بڵاوبووبێتنەوە؛ لە هەمان کاتدا سیستمێکی کەشوهەوای نزمەپەستان بە شێوەیەکی ئاسایی لەم کاتەی ساڵدا بەسەر ئێران و رۆژئاوای ئاسیادا تێدەپەڕێت، مەرجێکی گونجاوی بۆ بارانبارین رەخساندووە."
 
ئەو زانایە دەشڵێت، "لەڕووی کیمیای بەرگەهەواوە، ئاگرکەوتنەوەی نەوت ئاوێتەکانی کبریت و نایترۆجین بەرهەم دەهێنێت، کە ئەگەر لەناو ئاوی باراندا بتوێنەوە، دەکرێت ترشەڵۆک دروست بکەن."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "مەترسییەکان بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ لە رێگەی هەڵمژین یان دەستلێدانی دووکەڵ و تەنۆکەکانەوە دروست دەبن. کاریگەرییە دەستبەجێیەکان دەکرێت سەرئێشە، خورانی چاو و پێست و هەناسەتەنگی بن، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی رەبۆ یان نەخۆشیی سییەکانیان هەیە، هەروەها بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان."
 
خەڵكی تاران رۆژی یەکشەممە 08-03-2026 تووشی هەناسەتەنگی، سەرئێشە و سووتانەوەی چاو و قوڕگ بوون، بەڵام بە گوتەی پرۆفیسۆر ئەندریا سێلا، مامۆستای کیمیای نائۆرگانی لە زانکۆی لەندەن (UCL)، کاریگەرییە تووندەکانی ئەو هەورە رەشەی بەسەر شارەکەدا بڵاوبووەتەوە، تەنیا سەرەتای کارەساتەکەیە.
 
سێلا دەڵێت، "تەقینەوەکان دانیشتووانی ناوچەکە لەبەردەم هەموو جۆرە مادەیەکی کیمیایی نەخوازراو و ژەهراوی دادەنێن، ئەمەش کێشەیەکی ناسراوە کە هاوپێچی جەنگەکانە."
 
ئەو پرۆفیسۆرە روونیکردەوە، نەوتی خاو کۆمەڵێک توخم و کانزای تێدایە، ئەوانیش بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بڵاودەبنەوە.
 
هەروەها دەڵێت، "کۆکتێلێکی کیمیایی دروست دەبێت کە بڕێکی زۆر لە ئاوێتە ئارۆماتیکەکانی تێدایە، ناسراون بەوەی کارلێک لەگەڵ DNA دەکەن و پەیوەندییان بە شێرپەنجەوە هەیە، دەرکەوتنی ئەم کاریگەرییانە بەستراوەتەوە بەوەی کە هەر کەسێک بۆ چەند و تاوەکو چ ئاستێک لەبەردەم ئەو مادانەدا ماوەتەوە."
 
سێلا هۆشداری دەدات، "جگە لەمە، کاتێک کۆگەکان و بۆرییەکان تێکدەشکێن، مادەکان بۆ هەموو لایەکدا دەڕژێن و پاشماوەیەکی زیانبەخش بەجێدەهێڵن دەچێتە ناو خاک و هەموو شتێک دادەپۆشێت. ئەگەری پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەش هەیە."
 
سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی هێرشەکان لە بنکە و شوێنەکانی مانەوەی سەربازانی، بەڵام ترسێکی زۆر هەیە ئەم هێرشە ببێتە هۆی زنجیرەیەک هێرشی وەڵامدەرەوە لەلایەن ئێرانەوە، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دا، رەنگە "کردەوەی هاوشێوە [دژی ژێرخانی نەوت] لە ناوچەکەدا" بکەن.
 
کۆمپانیای وزەی "باپکۆ"ـی سەر بە دەوڵەتی بەحرەین، دوای ئەوەی ئێران هێرشیکردە سەر تاکە پاڵاوگەی نەوتی وڵاتەکە، "باری نائاسایی" لە کارەکانیدا راگەیاند. سعودیەش رایگەیاندووە، چوار درۆنی ئێرانییان تێکشکاندووە کە کێڵگەی نەوتی "شەیبە"یان کردبووە ئامانج.
 
ئەو هێرشانە دوای هێرشە درۆنییەکانی هەفتەی رابردوو هاتن بۆ سەر گەورەترین وێستگەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی لە جیهان لە قەتەر، پاڵاوگەی رەئس تەنورە لە سعودیە، ناوەندەکانی کۆگەکردنی سووتەمەنی لە عومان و ئیمارات، و چەندین کەشتیی نەوت لە کەنداودا، کە هەر یەکێکیان مەترسیی کارەساتێکی ژینگەیی گەورە بوون.
 
دۆگ وێر، بەڕێوەبەری روانگەی ململانێ و ژینگە دەڵێت، هەوڵەکانی رێکخراوەکەیان بۆ بەدواداچوونی زیانە ژینگەییەکانی بەهۆی شەڕەکانی دەوروبەری کەنداو، رۆژ لە دوای ڕۆژ قورستر دەبن."
 
بەڕێوەبەری روانگەی ململانێ و ژینگە دەشڵێت، "ئێستا ئێمە ئاگاداری سەدان رووداوی ژینگەیی مەترسیدارین لە ئێران و ناوچەکەدا، بەڵام بەردەوامیی ململانێکان، سنووردارکردنی ئینتەرنێت و دواکەوتنی گەیشتنی وێنە مانگە دەستکردەکان وادەکات ئەم ئامارانە کەمتر بن لەوەی لە واقیعدا هەن."
 
وێر راشیگەیاند، "کۆکردنەوەی پارچەکانی شوێنپێی ژینگەیی جەنگەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵک و سیستمی ژینگەیی، ئەرکێکی گەورە دەبێت؛ ئەرکێک لەگەڵ هەر رۆژێکی بەردەوامیی جەنگەکەدا ئاڵۆزتر دەبێت. دوای ئەوەی لە رۆژانی یەکەمی جەنگەکە شوێنە سەربازییەکان کرانە ئامانج، ئێستا دەبینین هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و  ئەو دامەزراوانەی بۆ مەبەستی سیڤیل و سەربازی بەکاردێن فراوان بوون، ئەمەش مەودای مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییە گشتییەکان فراوانتر دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگای سووتەمەنی لە تاران

سوپای پاسداران: دەستدرێژییەکان بەردەوامبن رێگە نادەین یەک لیتر نەوت هەناردە بکرێت

سەردار نائینی، لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکادا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بۆ راکردن لەو گوشارە دەروونی و سەربازییانەی لە ناوچەکەدا لەسەریەتی، پەنای بۆ "درۆکردن" بردووە.