ئێران
رەزا نەجەفی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ماسیمۆ ئاپارۆ، سەرۆکی بەشی چاودێریی ئاژانسەکە لە ڤیەننا. وێنە: AFP
رووداو یجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەڕی داهاتووی دانوستاندنی ئەتۆمی، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەبێت لە عومان. پێچەوانەی قسەکەی سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو، رۆژی پێنجشەممە کۆدەبنەوە.
ئیسماعیل بەقائی، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "پلانەکە بەو جۆرەیە کە گەڕی داهاتووی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت بێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران چوارشەممە و پێنجشەممە گەشت دەکات بۆ نەرویج.
لە مانگی نیسانەوە، ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان پێنج گەڕی دانوستاندنیان کردووە، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر تاران بە ئاشتی بەرنامە ئەتۆمییەکە سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆمباران دەکرێت. ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومان دەکەن ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، بەڵام تاران ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە و پێداگرە لەسەر ئەوەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
ساڵی 2018، ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە لە ساڵی 2015 زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێران واژۆیان کردبوو.
هەفتەی رابردوو، ئێران رایگەیاند کە لە لایەن عومانەوە پێشنیازی ئەمریکای بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی پێ گەیشتووە. چاوەڕوان دەکرێت، لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوو بە فەرمی وەڵام بدرێتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی بە پێگەی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، پێشبینی دەکەن ئێران پێشنیازەکەیان رەتبکاتەوە، بەڵام تاران دەیەوێت لەگەڵ ئەوەشدا دانوستاندنەکان بەردەوام بن.
ترەمپ رایگەیاندووە کە رەنگە گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان یەکلای بکاتەوە کە ئایا دەگەن بە رێککەوتن یانیش پێویست بە هەنگاوی سەربازی دەکات.
ترەمپ رۆژی دووشەممە گوتی: "پێنجشەممە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئێران هەیە. تا پێنجشەممە چاوەڕێ دەکەین."
ئەو ناکۆکییەی تاوەکو ئێستا نەیهێشتووە رێکبکەون، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمە. ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە مافی خۆی و ئەمریکاش بە "هێڵی سوور"ی دەزانێت.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، گومانەکان لە بەرامبەر ئێران زیاتر بوون دوای ئەوەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، تاران ئەو یۆرانیۆمەی زیادکردووە کە ئاستی پیتان یاخود بەهێزییەکەی بەرزە و نزیکە لەو یۆرانیۆمەی کە بە کەڵکی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئێران تاکە وڵاتی بێ چەکی ئەتۆمییە کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندبێتە 60٪، لە کاتێکدا بۆ دروستکردنی کارەبا، پیتاندنەکەی تەنیا پێویستە 3.67٪ بێت.
بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، پێویستە پیتاندنەکە بگەیێنرێتە 90٪.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ