رووداو دیجیتاڵ
24 پەرلەمانتاری ئێران نامەیەکی ناڕەزایەتییان بۆ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە نارد.
رۆژی چوارشەممە، 9ی حوزەیرانی 2025، 24 پەرلەمانتاری ئێران لە نامەیەکدا رەخنەیان لە چاوپێکەوتنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ رۆژنامەڤانێکی ئەمریکی گرت و رایانگەیاند،"هەڵوێستەکانتان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە دژی یەکگرتوویی نەتەوەیی بوو."
لە نامەکەی پەرلەمانتارەکاندا هاتووە، "دوای 12 رۆژ لە جەنگ نەتەوەی ئێران گەیشتە ئەوەی کە ئەمریکا تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات و دەبێ بەرەنگاری شەیتانی گەورە و ئیسرائیل ببینەوە. هەروەها چاوەڕوان دەکرا بە هەڵوێستێکی بەهێزەوە قسە بکەیت، بەڵام بەداخەوە دەربڕینی هیوا بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و هاوکاری لەگەڵ ئاژانس وزەی ئەتۆم پێچەوانەی ئەم یەکگرتووییە بوو."
بەپێی نامەکەی پەرلەمانتارەکان، "ئەم هەڵویستەی ئێوە نەک هەر لە ناوخۆدا کاریگەری نەرێنییان هەبوو، بەڵکو تێڕوانینێکی هەڵەی لە دەرەوەی وڵات دروستکرد و ئەو بڕوایەی بەهێزتر کرد کە ئێران لە دوای هێرشی ئەمریکا لاوازی نیشان دەدات. ئەمەش رەنگە هاندەری دوژمن بێت بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازی دیکە."
پەرلەمانتاران رایانگەیاندووە، رەخنە لەوە دەگرن، کە ئەو جیاوازی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا کردووە و دەڵێن: "ئیسرائیل قەڵای شەیتانی گەورەیە و هێزێکی بە وەکالەتی ئەمریکایە. خۆزگە لەبری ئەم جیاکارییە، بەڕاشکاوی ئەمریکات سەرکۆنە دەکرد و دەتگوت لە هەلومەرجی ئێستا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا لە خەیاڵێک زیاتر نییە."
ئەو پەرلەمانتارانە رەخنەیان لەو بەشەی قسەکانی پزیشکیانیش گرتووە، کە باسی رێبەری ئێران دەكات و دەڵێت: "چاوەڕوان دەکرا هەڵوێستی بەهێزتان هەبێت بۆ ئەوەی رۆژئاوا بزانێت کە هەر هێرشێک بۆ سەر رێبەری باڵا لێکەوتەی قورسی دەبێت. هەروەها بانگەشەی ئێوە کە 'مردن بۆ ئەمریکا بە مانای مردن نییە بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا' پێچەوانەی هەڵوێستەکانی رێبەر و ئیمام خومەینییە."
رۆژی 7-7-2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەڤانێکی ئەمریکی رایگەیاند، پێیوایە دۆناڵد ترەمپ دەتوانێ لە نێوان ئاشتی یان شەڕ یەکێکیان هەڵبژێرێت.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەن لەبارەی چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانیان گفتوگۆ بکەن و رێگە بە بەردەوامی چاودێریییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدەن، بەڵام پێش ئەوە دەبێ بزانن ئاستی زەرەر و زیانی بنکە ئەتۆمییەکانیان چەند بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ