لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل 150 رۆژنامەڤانی ئێرانی لە کارەکانیان دەرکراون

10-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی میدیای ئێران، جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل کاریگەریی نەرێنی کردووەتەوە سەر کەرتی میدیا و رۆژنامەڤانیی ئێران، لە دوای جەنگەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 150 رۆژنامەڤان لەو وڵاتە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەکار دەرکراون.
 
رۆژنامەی هەم میهەن، لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر کەرتی میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، دوای چەند هەفتەیەک لە کۆتایی هاتنی شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، دەزگاکانی راگەیاندنی ئێران بەکۆمەڵ کارمەندەکانیان دەردەکەن.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "تاوەکو ئێستا لانیکەم 150 رۆژنامەڤان و کارمەند لە دەزگاکانی راگەیاندنی جۆراوجۆرە دەرکراون و زۆر کەسی دیکەش  مووچەیان کەمکراوەتەوە، یان ناچارکراون مۆڵەتی بێ مووچە بکەن."
 
رۆژنامەکە نووسیویەتی، رۆژنامە و پێگە ئەلیکترۆنییەکانی وەکو راهێ پەرداخت، ئێقتساد ئونلاین، دونیای ئێقتساد، خەبەر ئونلاین و ئێکۆ ئونلاین لەو میدیایانەن کە دوای جەنگ، ژمارەی کارمەندەکانیان کەم کردووە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، دەزگە راگەیاندنەکانی ئێران، دەرکردنی رۆژنامەڤانان دەگەڕێننەوە بۆ کێشەی دارایی و دەڵێن، بەهۆی جەنگەوە ریکلامیان نەماوە و داهاتیان زۆر کەمی کردووە، بۆیە ناچارن پەنا بۆ کەمکردنەوەی کارمەندەکانیان ببەن.
 
رۆژنامەڤانان ئەو پاساوانە رەتدەکەنەوە. یەکێک لەوانەی لەکار دەرکراوە، دەڵێت: "کاتێک مووشەکەکان لە دەوروبەرمان دەکەوتنە خوارەوە، ئێمە لە ژووری هەواڵ بووین و هەواڵەکانمان دەنووسی، بەڵام ئێستا کە جەنگەکە کۆتایی هاتووە، دەڵێن چیدی پێویستمان بە ئێوە نییە."
 
مورتەزا کاردەر، ئەندامی دەستەی کارگێریی ئەنجوومەنی پیشەیی رۆژنامەڤانانی ئێران رایگەیان، ژمارەی راستەقینەی رۆژنامەڤانانی دەرکراو لە 150 کەس زیاترە.
 
بە گوتەی موەرتەزا کاردەر، سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری بەهۆی جەنگەوە تەنیا بیانوویەکە بۆ بەڕێوەبەرانی دەزگاکانی راگەیاندن بۆ یەکلاییکردنەوەی حیساباتەکانیان لەگەڵ کارمەندەکانیان. دەشڵێت: "ئەمە تەنیا سەرەتای چیرۆکەکەیە و ئەگەر چارەسەر نەدۆزرێتەوە، شەپۆلێکی گەورەتری دەرکردنی رۆژنامەڤانان بەڕێوەیە."
 
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.