عێراقچی: سبەی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەستپێدەکات

10-08-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سبەی دەگاتە تاران و دانوستاندنی نێوان ئێران و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە دەستپێدەکات.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، بڕیارە سبەی بە سەردانی جێگری رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاران، دانوستاندنی نێوان ئێران و ئاژانسەکە دەستپێبکات.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، سەردانی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران بە مەبەستی سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پشکنینیان نییە. جەختیشی لەوە کردەوە، تاوەکو لەگەڵ ئاژانس نەگەنە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندی و هاوکاریی نێوانیان، رێگە بە بەسەرکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان لە لایەن تیمەکانی ئاژانسەوە نادەن.
 
"سبەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئاژانس سەبارەت بە دیاریکردنی چوارچێوەی نوێی هاوکارییەکان دەستپێدەکات. پێشتر روونم کردۆتەوە کە سبەی جێگری گرۆسی دێتە تاران. هیچ بەرنامەیەکی بۆ بەسەرکردنەوە و پشکنین نییە. هێشتا لەسەر چوارچێوە نوێیەکە نەگەیشتووینەتە رێککەوتن و تا نەگەینە ئەم چوارچێوە نوێیە، هاوکارییەکان دەستپێناکات."
 
بە گوتەی عێراقچی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لەسەر بنەمای یاساکەی پەرلەمانی وڵاتەکە دەبێت.
 
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی بۆ هەڵپەساردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند کرد.
 
راگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کاتێکدایە، تاران لە هەڵوێستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە و رافایل گرۆسی، سەرۆکی رێکخراوەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نیگەرانە و پێیوایە، "هەڵوێستە نادروستەکانی رێکخراوەکە بوونەتە هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی 6ی ئابی 2025 رایگەیاندبوو، "لە ژێر رۆشنایی داواکارییەکانی ئاژانس و لە چوارچێوەی یاسای پەرلەماندا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسمان بانگهێشتی تاران کردووە، بۆ ئەوەی سەبارەت بە شێوازێکی نوێی هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانی نێوانمان گفتوگۆ بکەین."
 
بە گوتەی عەباس عێراقچی، دوای جەنگی 12 رۆژە و بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، دۆخێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە، بۆیە پێویستە سروشتی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەولەتیی وزەی ئەتۆم بگۆردرێت و سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان دەستپێبکات.
 
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا نەدراوە و هیچ کاتێک بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان نەکراوە.
 
عێراقچی ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی ئێران لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیاش کرد و رایگەیاند، لایەنە ئەورووپییەکان هەڕەشەی کاراکردنی سناپ بەک و گەڕاندنەوەی سزاکانیان کردووە، بەڵام هەڵوێستی تاران ئەوەیە کە ئەوان مافی ئەو کارەیان نییە و ئەورووپا ئێستا لایەنێکی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 نییە.
 
دەشڵێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە بەردەوامە، بەڵام بۆ گەڕی داهاتووی دانوستاندن لەگەڵ ئەو وڵاتانە هیچ کاتێک دیاری نەکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.